ئەنجوومەنی ئاسایشی كوردستان وردەكاری ئۆپەراسیۆنەكەی حەویجەی ئاشكراكرد

 ئەنجوومەنی ئاسایشی كوردستان وردەكاری ئۆپەراسیۆنەكەی حەویجەی ئاشكراكرد
راگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستانەوە

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم رایده‌گه‌ینێت كه‌ دوای ئەوەی زانیاریی تەواو هەبوو کە ژمارەیەکی زۆر دیل و گیراو لە زیندانێکی تیرۆریستانی داعشدا لە نزیک حەوێجە گلدراون، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ئەمرۆ بە پاڵپشتی هێزی هاوپەیمانان، هێزێکی دژە تیرۆری سەربە ئەنجومەنی ئاسایشی لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا گەیشتنە ناو قوڵایی سنووری ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستان و توانیان دەست بەسەر زیندانی سەرەکیی داعشدا بگرن کە دەکەوێتە حەوت کیلۆمەتریی باکوری حەوێجە.

ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتووانە ئامانجەکەی پێکا و خۆشبەختانە توانرا ٦٩ هاوولاتیی زیندانیکراو ئازاد بکرێن، بەڵام دوای لێکۆڵێنەوەی سەرەتایی دەرکەوت کە هیچ کوردێک لە ناو زیندانیە ئازادکراوەکاندا نیە . لەم کردەوەدا زیاتر لە ٢٠ چەکداری داعش کوژران و ٦ تیرۆریست بە دیل گیران، بە داخەوە سەربازێکی هاوپەیمانان کە ئەرکی پاڵپشتیی هێزەکانمانی لە ئەستۆ بوو گیانی لە دەست دا و سێ پیشمەرگەی هێزی دژە تیرۆر زامدار بوون. کاتژمێر ٤ ی بەرەبەیان ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی پێهات و هێزەکانمان گەڕانەوە و هاوڵاتییه‌ ئازادکراوەکان بۆ پشکنینی پزشکی و رێکاری پێویست ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار کران.


بە ناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمەوە سەرەخۆشی لە حکوومەت و گەلی ئەمەریکا و خانەوادەی بەرێزی ئەو سەربازە ئازا ئەمریکییە دەکەین کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا گیانی بەخت کرد لە هەمانکاتدا دەستخۆشانە لە ئازایەتی هێزەکانی دژەتیرۆر دەکەین .

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
٢٢/١٠/٢٠١٥
Top