ئەو پەنابەرانەی لە ئاڵمانیا وەرناگیرێن بە فرۆکەی سەربازی دەگەڕێندرێنەوە
لە سلۆڤانیاش سوپای ئەو وڵاتە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی کۆچبەران لە خاڵە سنوورییەکان، یارمەتی هێزەکانی پۆلیس دەدات.
بەگویرەی هەواڵێکی رۆژنامەی "بیلد"ی ئاڵمانی کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، حکومەتی ئاڵمانیا لە داهاتوودا بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرانەی وەرنەگیراون، لە فرۆکەی بارهەڵگری سەربازی کەڵک وەردەگرێت.
بە پێی راپۆرتەکان، ئەو بڕیارە بەشیکە لەو رێوشوێنانە، کە ئاڵمانیا بۆ خێراترکردنی پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرانە دەیگرێتەبەر. لە راپۆرتەکەدا هاتووە ئێوارەی سێشەممە هەموو ویلایەتەکانی ئاڵمانیا لە لایەن نووسینگەی ئەنگێلا مێرکڵەوە، لەو بڕیارە ئاگادار کراونەوە.
بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو ئاڵمانیا پەنابەرێکی زۆرتر دیپۆرت بکاتەوە.
حکومەتی ئاڵمانیا لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتی یەکەمی ئەو پەنابەرانەی کە دیپۆرت دەکرێنەوە وتووێژ دەکات، هەروەها پەنابەران بە هیچ شێوەیەک لە رێکەوتی گەڕاندنەوەیان ئاگادار ناکرێنەوە.
حکومەتی فیدڕاڵی ئاڵمانیا بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی پەنابەران مەرجەکانی وەرگرتن قورستر دەکات.
