بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران پەرلەمانی سلۆڤینیا دەسەڵاتی بە سوپا بەخشی

 بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران پەرلەمانی سلۆڤینیا دەسەڵاتی بە سوپا بەخشی
پەرلەمانی سلۆڤینیا دەسەڵاتی بەکارهێنانی سوپای بە حکومەت بەخشی و لەمەولاش سەربازانی سوپای سلۆڤینیا شانبەشانی پۆلیس لە خاڵە سنوورییەکان جێگیردەکرێن.

چوونی ئەو سەربازانە دۆخی کۆچبەران لە سنوورەکان قورستر دەکات، چونکە بە ئاسانی رێگەیان پێنادرێت لە سنوورەکان بپەڕنەوە، سلۆڤینیا هەروەها داوای لە یەکێتی ئەوروپاش کردووە، پۆلیسی ئەوروپا بنێرێتە ئەو سنوورانە و هاوکاری دەزگا ئەمنییەکانی سلۆڤینیا بکات.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، هەزاران کۆچبەری دیکەی نایاسایی سنوورەکانی کرواتیایان بڕی و بەپێ بەرەو سلۆڤینیا بەڕێککەوتن. کرواتیا داوا دەکات رۆژانە ٥ هەزار کۆچبەر رێگەی پەڕینەوەیان بەرەو سلۆڤینیا پێبدرێت، سلۆڤینیاش هەر لە یەکەم رۆژی کردنەوەی سنوورەکانییەوە رایگەیاندووە توانای ئەوەی نییە رۆژانە مامەڵە لەگەڵ ٥ هەزار کۆچبەردا بکات، بۆیە پەرلەمان دەسەڵاتی بەکارهێنانی سوپای بە حکومەت داوە، ئەمەش هەنگاوێکە لەپێناو کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەران بۆ ناو سلۆڤینیا.

حکومەتی سلۆڤینیا بۆ رێگەگرتن لە پەڕینەوەی رۆژانەی ئەو ژمارە زۆرە، داوای لە پەرلەمان کرد، کە دەسەڵاتی بەکارهێنانی سوپای پێبدات، لە چاودێریکردن و تووندترکردنی سنوورەکاندا، چونکە پۆلیس بە تەنیا توانای ئەو کارەی نییە.

بۆروت پاهۆر، سەرۆکی سلۆڤینیا لەمبارەیەوە دەڵێ: " من، هاوبەش و دۆستەکانم لەوە ئاگادارکردووەتەوە، کە پێویستمان بە هاوکارییە، من ئامادەم پشتیوانی لەو بڕیارەی حکومەت بکەم بۆ بەدەستهێنانی هاوکاری لە فەرماندەکانی سووپا لەڕێگەی پەرلەمانەوە، منیش پێم باشە سوپا بۆ هاوکاریکردنی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان بنێردرێت، ئەمەش رێگایەکی نوێیە بۆ چارەسەرکردنی فشار و قەیرانەکان لە سنووری نێوان ئێمە و کرواتیادا".

بۆ ئەو مەبەستە سەرۆکی سلۆڤینیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتی ئەوروپا کۆبووتەوە و داوای کردووە یەکێتی ئەوروپا پۆلیسی زیاتر بنێرێتە ناوچە سنوورییەکانی کرواتیا و سلۆڤینیا، داوش دەکات ئەوروپا هاوکاری مرۆیی بۆ کۆچبەران بنێرێت، چونکە رۆژانە نزیکەی ٥ هەزار کۆچبەر دەگەنە سلۆڤینیا و لەو ژمارەیەش کەمتر لە ٢٠٠ کەس دەپەڕنەوە بۆ نەمسا.

سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە، پەرلەمانی سلۆڤینیا وەڵامی داواکارییەکەی حکومەتی دایەوە و دەسەڵاتی ئەوەی پێبەخشی سوپا لە چاودێریکردنی سنوورەکانی نێوان کرواتیا و سلۆڤینیا بەکاربهێنێت.

بەپێی ئەو بڕیارە نوێیەی پەرلەمان، سەربازانی سوپای سلۆڤینیا دەتوانن هاوشێوەی پۆلیس خاڵە سنوورییەکان کۆنترۆڵ بکەن و رێگە لە شەپۆلی کۆچبەران بۆ ناو خاکی ئەو وڵاتە بگرن، کە لەماوەی ٤ رۆژی رابردوودا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی چوونەتە ناو سلۆڤینیاوە گەیشتووەتە ٢٠ هەزار کەس.
















رووداو
Top