بەریتانیا: با لایەنەکانی کوردستان بە دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکەن

بەریتانیا: با لایەنەکانی کوردستان بە دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکەن
ئێوارەی دوێنێ نێچیرڤان بارزانی لە دیدارێکدا لەگەڵ پێشوزای لە فرانك بێكەر باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، دوایین رەوش و ئاڵۆگٶڕەکانی ناوچە، عێراق هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد ، باسیان لە چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق کرد.

لەم بارەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و وێنەیەکیسی بۆ ئاژانسی باسنیوز نێردراوە.

دەقی بەیاننامەکە:

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 21/10/2015 نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە فرانك بێكەر باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بێكەر باسی لە بارودۆخی عێراق لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە و مەترسیی تیرۆرستانی داعش و هەوڵەكانی حكوومەتی فیدرالی بۆ ئازادكردنی ئەو دەڤەرانەی لەژێر دەستی تیرۆرستاندان، لەگەڵ بارودۆخی بەرەكانی جەنگ لە هەرێمی كوردستان و بەردەوامیی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە دژی تیرۆرستان و هەوڵەكان بۆ لەناوبردنی ئەو مەترسییە، كرد.

هەروەها ئاماژەی بە سەردانی خۆی بۆ هەولێر و دیدارەكانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كرد، كە تێیایاندا جەخت لەوە كراوەتەوە بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكرێن و یەكڕیزی و تەباییی كورد بپارێزرێت بەتایبەتی كە هەڕێمی كوردستان لەگەڵ تیرۆر لە شەڕدایە.

دووپاتیشی كردەوە كە حكوومەتی بەریتانیا خوازیاری ئەوەیە ئەو مۆدێلە سەركەوتووەی لە هەرێمی كوردستاندا هەبووە، بە هەماهەنگیی هەموو لایەك بەردەوام بێت و ئەوان ئامادەن لە بوارە جیاجیاكان هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن.

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و دڵنیای كردنەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ كێشە ناوخۆییەكان چارەسەر بكرێن. دووپاتیشی كردەوە ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی ئەم دواییە لە هەرێم دروست بوو، كاریگەری لەسەر مۆڕاڵی پێشمەرگە لە بەرەكانی جەنگی دژی تیرۆر نەبووە و ئەولەویەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە ڕووبەڕووی تیرۆرستانی داعش ببێتەوە و كێشە داراییەكانی چارەسەر بكات.

هەروەها سوپاسی ئەو هاوكاریانەی حكوومەتی بەریتانیای كرد كە لە بوارە جیاكاندا پێشكەشی هەرێمی كوردستانی كردوون و هیوای بەردەوامیی هاوكارییەكانی خواست بە تایبەتی لەو بوارانەی كە ماون وەك پەرەپێدانی كارگێڕی و ئەو ڕیفۆرمانەی پێویستە لە ئایندەدا لە دەزگاكانی حكوومەت ئەنجام بدرێن.

گفتوگۆكردنی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی ڕەوشی ئابووریی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.











باسنيوز
Top