"پێشمەرگە بۆ پاراستنی کوردستان سینگی خۆی داوەتە بەر گوللەی دوژمن و، گۆڕانیش لە پشتەوە خەنجەریان لێ دەدات!"
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە و کەسایەتی ناسراوی کوردانی ئێزدی (مەحما خەلیل) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێزی پێشمەرگە لە سەنگەری شەڕدایە و، پارێزگاری لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکات و، سینگی خۆی داوەتە بەر گوللەی دوژمن، گۆڕانیش ڕەوشی ھەرێمی کوردستان ئاڵۆز دەکات و لە پشتەوە خەنجەر لە پێشمەرگە دەدات؛ ئەوەتا داعش پیرۆزباییی لێ کردن و، کارەکەیانی وەکو کارێکی شۆڕشگێرانە لەقەڵەم دا؛ بە ڕاستی جێگەی داخە."
(مەحما خەلیل) گوتیشی، هەق بوو (نەوشیروان) و تاقمەکەی لە جیاتی ئەوەی ئاژاوە بنێنەوە، بچوایەنە سەرنگەری شەڕ و، شانبەشانی ھێزی پێشمەرگە شەڕی داعش بکەن؛ شوکر ئاژاوەکەیان کاری نەکردە ھێزی پێشمەرگە، ئاخر تاکە ئامانجی پێشمەرگە ئەوەیە خۆی فیدای خاکی کوردستان بکات، تا منداڵانی کوردستان بە ئیسراحەت بخەون، کەچی وا گۆڕان بە کوشتیانی دا.
ئەو فەرماندە پێشمەرگە ئێزدییە ڕوونیشی کردەوە، گۆڕان، لە هەڵبژاردنەکاندا وەڵامی خۆی لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان وەردەگرێتەوە و، خەڵک خۆیان لە پرۆسەی سیاسی بێبەشیان دەکەن.
ھێمای بەوەش کرد: "گۆڕان کە زانییان سەرۆک بارزانی و، پێشمەرگە سەرکەوتنێکی گەورەیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بەدەست ھێناوە، ئەو ئاژاوەگێڕییەیان کرد؛ جا ئێمە پێیان دەڵێن ئەوەی پیرۆزە لای ئێمە ڕزگارکردنی خاکی کوردستانە لە داعش؛ ئێوەیش هەر لە پشتەوە خەنجەرمان لێ بدەن، ئاخری زەرەرەکەی بەرۆکی خۆتان دەگرێتەوە."
(خەلیل) ڕاشیگەیاند، خۆپیشاندان مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە؛ ئێمەش ماوەی ساڵێک زیاترە شەڕی داعش دەکەین و باسی مووچهیش ناكهین، بەردەوامیشن لە ئەرکەکەی خۆماندا؛ خۆ ناکرێ لایەنێکی سیاسی بە بیانووی مووچە، خەڵک ھان بدات بچنە سەر بارەگاکانی پارتی و، بیسووتێنن و، کادیرانی پارتی بکوژێت؛ خۆ ئەمیش جۆرە ھاوکاریکردنێکی داعشە.
