"لیژنەیەكی پەرلەمان سەردانی نەمسا دەكات تا لە ڕووداوی كامیۆنەكە بكۆڵنەوە"
(ڤیان عەباس) ئەندامی لیژنەی پەیوەندی و ڕەوەندی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەكو لیژنەی پەیوەندی و ڕەوەندی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە هەماهەنگی لیژنەی وەرزش و لاوانی پەرلەمان لە هەوڵی ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكداین، پێوەست بە كۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات. لە لیژنەی پەیوەندی و ڕەوەندی كوردستان لە پەیوەندیداین، لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كوردستان بۆئەوەی كاری جیددی لەوبارەوە بكەین و، تا ئێستا لیژنەكەمان چەندین كۆبوونەوەی کردووە تاوەكو ڕاپۆرتێكی تیروتەسەل ئامادە بكەین بۆ پەرلەمانی كوردستان و، ڕاسپاردەكانمان پێشكەش بە ڕای گشتی بكەین. جێگای داخە كە ڕێژەیەكی بەو شێوەیە زۆر گەنج ڕۆژانە ڕوو لە دەرەوەی وڵات دەكات، ئەمەش كارەساتە. پێویستە ئەوەش بزانین كە بابەتی كۆچكردن تەنها لە هەرێمی كوردستاندا بوونی نییە بەڵكو چەندین وڵاتی تریشی گرتووەتەوە."
(ڤیان عەباس) ئاماژەییشی دا: "ئەو تەرمانەی گەنجانی كورد كە لەناو كامیۆنەكەی وڵاتی نەمسا گیانیان لەدەست دابوو دەهێندرێنەوە هەرێم، ئێمە لە لیژنەكەمانا پشك داریمان لە بابەتەكەدا كردووەو هاوكاریشمان پێشكەش بە خێزانەكانیان كردووە. لیژنەیەكیشمان پێكهێناوە بۆئەوەی سەردانی وڵاتی نەمسا بكەین تا لە ڕێگای پۆلێسی نەمساوە لەروداوی كامیۆنە كە بكۆڵینەوەو بزانین لێكۆڵینەوەكان بەكوێ گەیشتووە."
ئەو ئەندامی لیژنەی پەیوەندی و ڕەوەندی كوردستان ڕایشیگەیاند: "بە گوێرەی جاڕنامەی مافی مرۆڤ، مرۆڤ ئازادە كوێ پێی خۆش بێ، لەوێ بژیێت؛ بەڵام نابێ لەیاد بكەین كورستان پێویستی بە هەموومان هەیە، پێویستە هەموو دەست لەناو دەست بین بۆ ئەوەی كوردستان لە داعش و دوژمنانی كورد بپارێزین. دەبێ پێشمەرگە بكەین بە ڕەمزی خۆڕاگری و هێز؛ چونكە پێشمەرگە بەو مووچە كەمەوە لە سەنگەرەكانی بەرگریدانە و گیانی خۆیان فیدای نیشتمان دەكەن."
گوتیشی: "بە داخەوە وەك دەبینین هەندێك ڕاگەیاندن بە تایبەتیش ڕاگەیاندنە حزبی و سێبەرەكانی بزوتنەوەی گۆران كارێكی زۆر نامرۆڤانەیان کردووە بۆ ئەوەی گەنج ڕوو لە دەرەوە بكات، ئەو نەفەسەی ئەوان كاری پێ دەكەن زۆر شكست خواردووە. بۆ ئەو مەبەستە كاردەكەن كە توندوتیژی بڵاو بكەنەوە و خەڵكی هان بدەن بۆ ئەوەی ڕوو لە دەرەوەی وڵات بكەن. پێویستە لە یاد نەكەین حكومەتی عێراقیش زۆر تاوانبارە لە بابەتی كۆچی گەنجان چونكە ئەوە دووساڵە بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان بڕێوە، ئەمەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی خەڵك بێداهات بێت و ڕوو لە دەرەوە بكات."
