"مانگانه‌ مووچه‌ ده‌درێ و 3 مانگه‌كه‌یش ده‌بێ به‌م شێوه‌یه‌ قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه‌"

وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دڵنیایی ده‌دا كه‌ بۆ له‌مه‌ودوا ده‌توانن مانگانه‌ مووچه‌یه‌ك بده‌ن و ئه‌و سێ مانگه‌ی كه‌ مووچه‌یش نه‌دراوه‌ ده‌بێ له ‌زیادكردنی هه‌نارده‌ی نه‌وت و داهات‌ قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه‌.
د. ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایده‌گه‌ینێت" لەمەودوا حکوومەت مانگانە لە داهاتی نەوت لەکاتی خۆیدا مووچەیەک دەدات، بەڵام ئەو 3 مانگەی کەوا کەڵەکە بووە، دەبێ لە هەناردەی زیاتری نەوت و زیادبوونی داهات قەرەبوو بکرێتەوە".
ئاشتی هەورامی ده‌یشڵێ كە مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران هەرگیز نافەوتێ، بەڵام هەندێك کاتی دەوێ تاوەکو قەرەبووی 3 مانگەکە دەکرێتەوە. ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی دابەشكردنی مووچەی مانگی حەفتە.
سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتیش بە شێوەیەكی سەربەخۆ، ئاشتی هەورامی گوتی: "سەركردایەتیی سیاسی كورد زوو پشتگیری نەكردین بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی سەربەخۆ نەوت بفرۆشین، حكوومەتی عێراقیش پارەی نەدەدا، ئێمە لە 24/6/2015ەوە دەستمان بە فرۆشتنی نەوت كردووە، لەو كاتیشەوە توانیومانە مانگانە 700 ملیۆن دۆلار واتە مووچەیەك دابین بكەین".
سەبارەت بە دروستبوونی قەیرانی داراییش دەڵێت " لە ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لەگەڵ بەغدا بۆ ناردنی نەوت و وەرگرتنی پارە کردیان، قەیرانی ئابووری دروست بوو، لە بری ئەوەی بەغدا مانگانە 1 ملیار دۆلار بداتە هەرێمی کوردستان، 200 تاوەکو 300 ملیۆنی دەنارد، بەوەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەوتە ژێر باری قەرزێکی زۆرەوە".
Top