دڵشاد شەهاب: یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ هەست بە مەترسیی باردۆخەکە دەکەن
دڵشاد شەهاب، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئەنادۆڵی راگەیاندووە، کە کابینەی هەشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەشداریی پێنج حزبەکە، ”ئەزموونێکی سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە پێداچوونەوە بە حکوومەتدا دەکەینەوە و نامانەوێت ئەزموونێکی دیکە وەکو جاران دووبارە بکەینەوە”.
دڵشاد شەھاب ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەو وەزارەتانەی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەی دەبردن و ئێستا بێ وەزیرن، هەروا نامێننەوە و ئەوان چاوەڕێی گەڕانەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران دەکەن، ”بۆ ئەوەی بگەینە شێوازێک تاکو بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا بکەین”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی ئاماژەی بەوەکردووە، کە دروستکردنی حکوومەتی بنکە فراوان بۆ بە یەکەوە رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە بوو، کە لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانن، ”بەڵام گۆڕان وایکرد کە نەتوانین ئەو ئامانجە بەدەستبھێنین“.
دڵشاد شەھاب پێشیوایە لە جیهاندا حکوومەتی بنکە فراوان ”حکوومەتی لاوازە“، بەڵام چونکە کورد لە باشووری کوردستان پێویستیی بە یەکڕیزیی بوو، پارتی، کە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستهێنا، حکوومەتی زۆرینەی پێکهێنا، بەڵام ئێستا بڕیاریانداوە بەو حکوومەتەدا بچنەوە، چونکە ”نامانەوێت ئەزموونێکی دیکە وەکو جاران دووبارە بکەینەوە“.
شەھاب، ”عەقڵییەت و شێوازی مامەڵەکردنی“ گۆڕان بە هۆکاری دروستبوونی ئەم کێشانەی ئێستای هەرێمی کوردستان دەزانێت و رایدەگەیەنێت، کە ”بزووتنەوەی گۆڕان بە نیەتێکی خراپ مامەڵەمان لەگەڵ کرا و ئەو بەدەنگەوەچوونەی پارتییان بە لاوازی وەرگرت“ و ئاماژە بەوەدەکات، کە حزبەکەی ”بڕوای بە دەرگا داخستن بەڕووی ھیچ لایەنێکدا نییە“، بەڵام دانیشتن لە پێناو دانیشتنیش ئەنجام نادەن.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی باس لەوەدەکات، کە لەوکاتەوەی بزووتنەوەی گۆڕان دروستبووە، هەوڵی بۆ گۆڕان و باشترکردنی حوکمڕانی لە کوردستان نەداوە، بەڵکو تەنیا کاری بۆ ئەوە کردووە، کە ”پارتی بکاتە ئامانج“ و پێشیوایە گۆڕان ”هەردوو ساڵ جارێک، قەیرانێک دەخوڵقێنێت“.
دڵشاد شەھاب ئاشکرای دەکات، کە پارتی لە کۆبوونەوەی ژمارە 9ـی پێنج قۆڵی، ”بە ٪80ـی پرۆژەی لایەنەکان رازی بوو“، بەڵام گۆڕان، ”تێکی دا“.
بەپێی قسەکانی دڵشاد شەهاب، بزووتنەوەی گۆڕان دەیزانی لە دوا کۆبوونەوە، لایەنەکان دەگەنە رێککەوتن، ”بۆیە رێگەی توندوتیژییان گرتەبەر و وەڵامی پارتیان بە سووتاندنی بارەگاکانی دایەوە“.
شەهاب پێشیوایە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ”هەست بە مەترسیی بارودۆخەکە دەکەن و بەرپرسیارانە مامەڵە دەکەن“.
باسنیوز
