سەبارەت بە دوورخستنەوە و نانبڕینی ئەو پێشمەرگانەی کە سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانن ئاری ھەرسین:بە ھیچ جۆرێک بڕیاری لەو جۆرە نەدراوە بۆ یەکەکانی وەزارەتی پێشمەرگە

سەبارەت بە  دوورخستنەوە و نانبڕینی ئەو پێشمەرگانەی کە سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانن ئاری ھەرسین:بە ھیچ جۆرێک بڕیاری لەو جۆرە نەدراوە بۆ یەکەکانی وەزارەتی پێشمەرگە
سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، نانبڕینی پێشمەرگە لە سەر بیروڕای سیاسی جێگای قبووڵکردن نییە.

میدیاکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە چەند رۆژی رابردوو بڵاویانکردەوە کە لە دوای رێگری لە سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان لە حکومەت، پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی بە دوورخستنەوە و نانبڕینی ئەو پێشمەرگانە کردووە کە سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانن.

ئاری ھەرسین، سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە و شەھیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" ئێمە بەدواداچوونمان بۆ دوورخستنەوەی ئەو ئەفسەرو پێشمەرگانە کردووە، کە گوایە لە سەر بیروڕای سیاسی دوورخراوەنەتەوە بۆمان دەرکەوت کە بە ھیچ جۆرێک بڕیاری لەو جۆرە نەدراوە بۆ یەکەکانی وەزارەتی پێشمەرگە".

سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە گوتی:" ئێمە لە دەستەی سەرۆکایەتی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمان داوا لە سەرجەم ئەفسەرو پێشمەرگە بەڕێزەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین، لە حاڵەتی رووداوی نەخوازراوی لەو بابەتە بە زووترین کات لیژنەکەمانی لێ ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بکەین".

ئاری ھەرسین گوتی:" ئەم جۆرە ‌سزا سیاسییانە لە نێو ریزەکانی پێشمەرگەو دامودەزگا ئەمنییەکان بە ھیچ جۆرێک جێگای قبوڵ نییە، نابێت ململانێی سیاسیی کاریگەری لە سەر ریزەکانی پێشمەرگە دابنێت کە ئێستا لە شەڕێکی سەختدایە لەگەڵ داعش".





























رووداو
Top