پارتی: هەر دەستدرێژی كردنێك بۆ سەر بارەگاكانمان و سەروماڵی كادرانمان بەبێ باج نابێت

پارتی: هەر دەستدرێژی كردنێك بۆ سەر بارەگاكانمان و سەروماڵی كادرانمان بەبێ باج نابێت
پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر رووداوەكانی ئەمڕۆی ناوچەی قەڵادزێ راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە
دەقی راگەیەندراوەكە:

جەماوەری خۆڕاگری كوردستان
ئەمڕۆ لە شاری قەڵادزێ، بەهاندانی لایەنێكی سیاسی بێ هەبوونی هیچ پاساوێك ئاراستەی خۆپیشاندەرانی ئەو شارەیان گۆڕی بەرەو بارەگای لیژنەی ناوچەمان، لەئاكامی هەوڵدان بۆ دەستدرێژیكردنە سەر بارەگا و كادیر و پێشمەرگە پاسەوانەكانی ئەو بارەگەیە لە چوارچێوەی هێرشە بێ پاساوەكەدا، بەداخەوە روداوی نەخوازراو رویدا.
لەو بارودۆخە هەستیارەی كوردستان هەوڵدان بۆ زیاتر گرژكردنی بارودۆخ و تێكەڵاوكردنی پرس و كێشە لێكجیاوازەكان هیچ گرفت و قەیرانێك چارەسەرناكات جگە لە خزمەتگەیاندن بە دوژمن و ناحەزانی كورد و كوردستان. لەم كاتەدا بەرپرسیاریەتی دەكەوێتە ئەستۆی هەموو لایەك بۆ هێوركردنەوە و ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە، پێویستە ئیدارە و دامودەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس لەو دەڤەرانەی كە گرژی و ئاڵۆزیان تێدا دروستبووە مەسئولیەتی پاراستنی بارەگا و سەروماڵی كادرانمان بەئەستۆبگرن و پارێزراوبن لە دەستدرێژی، ناكرێت سوكایەتی بە بارەگاكانمان بكرێت و لێپێچانەوەش نەكرێت یان هەوڵی بەرگریكردن نەدرێت. هەر دەستدرێژیكردنێكیش بۆسەر بارەگاكانمان و سەروماڵی كادرانمان بەبێ باج نابێت.
مەكتەبی سیاسی
پارتیی دیموكراتی كوردستان
Top