"خۆپێشاندەرانی به‌رده‌م كۆبوونه‌وه‌ی‌ پێنجقۆڵی‌ زۆرینه‌ی هه‌ڵسووڕاوی گۆڕان بوون؛ دەیانویست خۆپێشاندەران بجووڵێنن"

ئەندامی فراكسیۆنی زەرد دەڵێ پەكه‌وتنی لیژنەكانی پەرلەمان بە دەرەجە یەك بۆ مزایەدەی سیاسیی حزبەكان و بە تایبەت گۆڕان دەگەڕێتەوە. دەیشڵێت ئەم خۆپێشاندانەی ئەمڕۆ لە بەردەم هۆڵی كۆبوونەوەی پێنجقوڵیدا كرا زۆرینەیان هەڵسوڕاوی گۆڕان بوون و، دەیانەویست خۆپێشاندەران بجوڵێنن.
(حەیات مەجید پەرخی) ئەندامی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "خۆپێشاندان مافێكی سەرەتایی هاووڵاتیانە بەرانبەر بە ناڕازیبوونیان لە هەر شتێك بە تایبەتیش سیستەمی حوكمڕانیی وڵات و دەتوانن بێتە سەر شەقام و ڕای خۆیان دەربڕن، بەڵام هەموو لایەك ئاگادارین كە هەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی خراپی داراییدایە و قەیرانی دارایی نزیكەی دوو ساڵە هەموو كوردستانی گرووەتەوە و تەنها ناوچەیەك یاخود كۆمەڵە كەسێكی دیاریكراوی نەگرتووەتەوە, قەیرانەكەش تەنها مووچەخۆرانی نەگرتووەتەوە و هەر لە دووكاندارێكەوە تاكو بەڵیندەریشی گرتووەتەوە."
(پەرخی) ڕوونیشی كردەوە كە: "پێویست ناكات هەندێك كەس خۆیان فڕیو بده‌ن و بڵێن ئەم قەیرانە بەهۆی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمەوەیە، تاكە هاوبەشی لەنێوان پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم و قەیرانی داراییدا ئەوەیە كە هەردووكیان لە هەرێمی كوردستان ڕوویان داوە. ئێمە جگە لە قەیرانی دارایی لە دۆخێكی دژواری ئەمنیدا دەژیین كە سوپاس بۆخوا بە هیمەتی هێزی پیشمەرگە و سەرجەم بەرپرسانی سەربازی تا ڕادەیەك دۆخەكە هێوركراوەتەوە."
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی زەرد ئاماژەیشی دا كە: "هاتنەسەرشەقامی خەڵك زۆر مزیڕ (ناتەندروست)ـە؛ ئەگەر ئەم دەستانەی ئێستای لە پشتەوە بێت، ئەم خۆپێشاندانەی ئەمڕۆی بەردەم هۆڵی كۆبوونەوەی پێنجقوڵیدا كرا زۆرینەیان هەڵسووڕاوی گۆڕان بوون و دەیانەویست خۆپێشاندەران بجووڵێنن, خۆ خەڵك ئەم دەموچاوانە باش دەناسێتەوە كە هەڵسووڕاوی گۆڕان بوون و لەوێ بوون، لەكاتێكدا گۆڕان خۆیان بەشداری حكوومەتن و لەم قەیرانانەدا بەشدارن و كایەكانی وەكو (وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی دارایی و دەستەی وەبەرهێنانیان) لە بەر دەستدایە، بەڵام خۆیان هەر بە نەفەسی ئۆپۆزسیۆنبوونەوە دەیانەوێت خەڵك بێننە سەرشەقام و خۆپێشاندانی خەڵك بەلاڕێدا ببەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی پێ كۆ بكەنەوە. بە داخەوە خۆپێشاندانەكان دەستی سیاسییان لە پشتەوەیە و دەیانەوێت بەو ئاقارەی بەرن كە ئەمڕۆ لە سلێمانیدا بینیمان."
گوتیشی: "كاری هەندێك پەرلەمانتاری گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو لەناو پەرلەمانیشدا كردەنی نەبووە، هەوڵیان نەداوە كارێك بكەن كە لە چوارچێوەی یاسادا بێت. بەڵكو تەنیا لەسەر ڕاگەیاندنەكان كاریان كردووە و زۆر مەسەلەی سیاسی هەیە لە ڕاگەیاندنەكاندا گەورەیان كردووەتەوە و تەنیا مزایەدەی حزبیی خۆیانی پێوە كردووە. پەكکەوتنی لیژنەكانی پەرلەمانیش بە دەرەجە یەك بۆ مزایەدەی سیاسیی حزبەكان و بە تایبەت گۆڕان دەگەڕێتەوە. بەڵام خەڵكی كوردستان زۆر لەمە هۆشیارترە بەم وشە بریقەدارانەیان هەڵبخەڵەتێت."
Top