زەوی، خانوو و شوققە بۆ ئەو خێزانانە دابین دەكرێت

زەوی، خانوو و شوققە بۆ ئەو خێزانانە دابین دەكرێت
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێت، چاوەڕوانی لیستی ناوەكان دەكەن لەو لیژنەیەی لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێدانی زەوی یاخود خانوو بە خێزانی شەهیدانی شەڕی تیرۆریستانی داعش پێك هاتووە، هەر كە لیستی ناوەكانیشیان بە دەست بگات، زەوییان لە سنوورەكەی خۆیان بۆ دابین دەكەن.
(نەورۆز مەولوود) وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی زەوی یاخود شوققە بە خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەكانی شەری دژ بە تیرۆریستانی داعش لیژنەیەكی پێك هێناوە بە سەرپەرشتیی وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان كە سەرۆكی لیژنەكەیە لەگەڵ نوێنەرایەتیی وەزارەتەكانی پەیوەندیدار، ماوەی نزیكەی دوو مانگیشە دوای چەندین كۆبوونەوە لیستێك لە ناوەكان ئامادە كراوە و، چەند جارێك پەیوەندییشمان بە وەزیرەوە كردووە و پێی راگەیاندم كە سەرقاڵی ئەوەن بەم زووانە لیستەكە تەواو بكەن، هەروەها خۆیشم لە نزیكەوە ئاگادارم و، دەمەوێت لە كۆبوونەوەی كۆتاییدا بەشدار بم، تا بزانم چییان بۆ كراوە، چونكە ئەركەكە زۆر پیرۆزە‌".
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: "لەبەر ئەوەی تەنیا زەوی نییە بەڵكە خانوو یاخود شوققەیشی لەگەڵە، بۆیە بە شێوەی هەڵبژاردن و ئارەزووی خۆیان دیاری دەكرێت كە ئایا كامەیان دەوێت".

(نەورۆز) زیاتر ڕوونی كردەوە: "لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار چاوەڕوانی لیستی ناوەكان دەكەین كە تا ئێستا بە فەرمیی لیژنەكە تەواوی نەكردووە، كە تەواویش كرا و بۆ ئێمە رەوانە كرا، لای خۆمان كاری پێویستی بۆ دەكەین و دەینێرین بۆ پارێزگاكان و ئینجا هەر كەسە و لە سنووری خۆی و بەپێی داواكاریی خێزانی شەهیدەكان، زەوی یان خانوو و شوققەیان بۆیان دابین دەكرێت".
Top