سەرۆك بارزانی: وێنەی پێشمەرگە و كچانمان لە بەرەكانی شەڕ لێرە و لە كۆبانێ، ورە و هیمەتی خەڵكی ئەورووپاییشی بەرز دەكردەوە
ئهمڕۆ سێشەممە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مهسعوود بارزانی)، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە كاروباری ئاكادیمیای سەربازیی زاخۆ و ڕەوشی خوولە سەربازییەكان و بە تایبەتیش، یەكەم خولی پێگەیاندنی ئەفسەرانی ئافرەت، سەردانی ئاكادیمیای سەربازیی زاخۆ كرد.
لەم سەردانەدا (سەرۆك بارزانی) لە مەراسیمی نمایشی سەربازیی ئەفسەرانی ئافرەتدا ئامادە بوو و، پاشان لەگەڵ فەرماندە و مامۆستا و سەرپەرشتیارانی ئاكادیمیا و خولی تایبەت بە ئەفسەرانی ئافرەت كۆ بووەوە و، لە نزیكەوە ئاگاداری وردەكاریی خوولەكانی ئاكادیمیا بوو و ئامۆژگاری و ڕێنمایی پێویستی خستەڕوو.
دوای ئەو كۆبوونەوەیەش، (سەرۆك بارزانی) گوتەیەكی بۆ قوتابیانی ئافرەتی خوولەكە پێشكەش كرد و، تێیدا سوپاسی ستافی سەرپەرشتیی ئاكادیمیای زاخۆی كرد كە لە ماوەی 19 ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەكی زۆر ئەفسەریان بۆ وڵاتەكەیان پێگەیاندووە.
(سەرۆك بارزانی) هاوكات خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا بە ئامادەیی ژمارەیەك كچ بۆ بەشداربوونیان لە خوولی سەربازیی پێگەیاندنی ئەفسەران و، وێڕای ئاماژەكردن بە ڕۆڵی ئافرەتان، جەختی كردەوە كە كچانیش پێویستە شانبەشانی كوڕان بە زانستی سەربازی پەرەوەردە بكرێن، بۆ ئەوەی بەشدار بن لە بەرگریكردن لە وڵاتەكەیان و هەروەها دەبێ پێشانی جیهان بدەین كە كۆمەڵگەیەكی كراوەمان هەیە و جیاوازیی لەنێو كچ و كوڕان نییە و، بەهیچ شێوەیەك كچ كەمتر نییە لە كوڕ.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیش خستە ڕوو كە لە دوای دەرچوونی ئەو ژمارەیهی قوتابیانی كچ، ئەركێكی گەورەیان دەكەوێتە سەر شان و دەبێ كچانمان ئەوە بسەلمێنن كە لە ئاییندەدا ڕۆڵیان لە كوڕان زیاتر دەبێت.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان، وێڕای ئاماژەدان بە قارەمانهتیی پێشمەرگە لە شكاندنی ئەفسانەی داعش و خۆڕاگریی گەلی كوردستان، ئەوەی باس كرد كە پێشمەرگە بووەتە هێما و پێگە بۆ گەلی كوردستان و، كچانیش دەتوانن ئەو سەنگ و پێگەیە زیاتر بكەن. كاتێك وێنەی پێشمەرگە و كچانمان لە بەرەكانی شەڕ لێرە و لە كۆبانێ لە میدیاكان دەدیترا، ورە و هیمەتی خەڵكی ئەورووپاییشی بەرز دەكردەوە. (سەرۆك بارزانی) ئامادەیی خۆی نیشان دا كە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتیی ئەم خوولەی پێگەیاندنی ئەفسەرانی ئافرەت بێت لە ئاكادیمیای سەربازی.
جێگەی ئاماژەپێدانە بە مەبەستی بایەخدان بە ڕۆڵی ئافرەت لە بەرگریكردن لە وڵات و پەروەردەكردنیان بە زانستی سەربازیی سەردەم، یەكەمین خوڵی پێگەیاندنی ئەفسەرانی ئافرەت بە بەشداریی 202 كچ لە ئاكادیمیای سەربازیی زاخۆ، ماوەی چەند مانگە دەستی پێكردووە و لە مانگی چواری ساڵی 2016 كۆتایی دێت.
