پەیامی پیرۆزبایی ئەنجومەنی وەزیران بە بۆنەی ڕۆژی مامۆستایانی کوردستانەوە

پەیامی پیرۆزبایی ئەنجومەنی وەزیران بە بۆنەی ڕۆژی مامۆستایانی کوردستانەوە
بەبۆنەی ڕۆژی مامۆستایانی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەین کە هەمیشە و لە هەموو سات و قۆناغە جیاجیاکاندا هەڵگری مەشخەڵی زانست و پێشکەوتن بوون و فێرکەر و پەروەردەکەری نەوە بە نەوەی گەلەکەیانن.


مامۆستایانی دڵسۆز و بەڕێزی کوردستان،
دڵسۆزی و ماندوونەناسی و خزمەتی گەورەی ئێوە بە گەل و نیشتیمان، لەپشت ئەو پیرۆزییەوەن کە بە ناو و پیشەکەتان بەخشراوە و هەمیشە پێگەی تایبەت و دیارتان لەنێو کۆمەڵگادا هەیە.
حکومەتی هەرێم بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە دەڕوانێتە خۆڕاگری و لەخۆبوردوویی ئێوەی دڵسۆز لەم دۆخە نەخوازراوەی کە چەندین قەیرانی ئابووری و دارایی دووچاری هەرێمەکەمان بووە و کاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانی هەمووان کردووە. بەردەوامبوونتان لە خزمەتکردن لە هۆڵەکانی خوێندن و ئامادەبوونتان لەبەردەم تەختە ڕەشی قوتابخانەکاندا، وەک ئامادەبوونی پێشمەرگە قارەمانەکانمان لە بەرەکانی شەرەف و سەرفرازی، لای گەلەکەمان جێگەی ڕێزێکی زۆرە بۆتان کە هەمیشە چاوەڕێی ئەو هەڵوێستە دڵسۆزانەیەتان لێکراوە کە شیاو بە ناو و پیشە پیرۆزەکەی خۆتانە.


حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستەبەرکردنی ماف و خواستەکانی ئێوە و سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان بە ئەرکی سەرەکی خۆی دەزانێ و وێڕای سەختیی بارودۆخەکە، بەردەوام لە خەمی بەجێهێنانی ئەم ئەرک و بەرپرسیارێتییەیە و بەردەوامێش دەبێت لەم پێناوەدا.


دووبارە گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەین و پێزانین و ڕێزی زۆرمان بۆ دڵسۆزی و خەمخۆریتان هەیە لە پێگەیاندن و پەروەردەکردنی نەوەکانمان کە چرا و ئومێدی ئاییندەی ئەم گەل و نیشتیمانەن.


ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان
٦/١٠/٢٠١٥

Top