"ههرێم لهنێو دەوڵهتاندا دۆستی زۆری ههیه"
فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم سەردانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکایدا، لەگەڵ مانوێڵ ساگەر، وەزیری دەوڵەت و بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی سویسرا بۆ گەشەسەندن و هەماهەنگی کۆ بووەوە و جەختی لەسەر پێداویستی مرۆیی بەپەلە بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت زانیاری تەواوی لەسەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانی خستە ڕوو و باسى لە دوا پێشهاتە مرۆیی و سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕبوونەوەی تیرۆریستانی داعش کرد.
فەلاح مستەفا ئاماژەی بەو قەیرانە داراییە کرد کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت و کاریگەریەکانی هاتنی (1.8)ملیۆن ئاوارەى ناوخۆو پەنابەری سووری بۆ هەرێمی کوردستان.
داوای کرد پشتگیرى سیاسى و هاوکاریە مرۆیی و سەربازییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت و هەروەها جەختى لەسەر هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانە نامرۆڤانەی کە تیرۆریستانی داعش بە کوردانی ئێزدییان کرد.
مانوێل ساگەر ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دۆستی زۆری هەیە و خۆشحاڵی خۆشی بۆ سیاسەتی حکوومەتی هەرێم دەربڕی بۆ کرانەوەی دەرگا بە ڕووی ئاوارە و پەنابەران و ئەوەی دووپاتکردەوە کە سویسرا هاوکاری لەبواری مرۆیی پێشکەیش بە حکوومەتی هەرێم دەکات بەتایبەتیش لەڕێگەی ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و سوورەخاچى نێودەوڵەتی.
لە کۆتاییدا هەردوو لا جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوانیان کردەوە.
