هێرشەكانی رووسیا لە سووریا هەوڵێكە بۆ مانەوەی رژێمی ئەسەد

هێرشەكانی رووسیا لە سووریا هەوڵێكە بۆ مانەوەی رژێمی ئەسەد
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان داڤید سیدهارتا پاتیل تایبەتمەند لە سەر سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی: ئەم ململانێیەی سووریا بۆ چەندین ساڵ بەردەوام دەبێت. هەموو ئاماژەكان پێمان دەڵێن كە گرووپەكان تەواو جیاوازن و زۆر قورس دەبێت بۆیان كە بگەن بە رێككەوتنێك كە باوەڕ بە لایەنی بەرامبەر بكەن. پێموایە تێوەگلانی رووسیا لە ئێستادا ئەگەری ئەوە زیاتر دەكات كە بارودۆخەكە ئاڵۆزتر بێت.


داڤید سیدهارتا پاتيل هەروەها گوتی: مەسەلەی سەرەكی لە نێوان وڵاتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانەكانی ئەوەیە كە ئایا یەكەم جار چی بكەن؟ ئایا هەوڵ بدەن داعش تێكبشكێنن، یان رژێمی ئەسەد لەناو بەرن؟ وڵاتە یەكگرتووەكان گرنگی داوە بە شەڕكردن لەگەڵ داعش، بەڵام هاوپەیمانەكانی بەتایبەتی سعودیە و توركیا زیاتر گرنگی بە كەوتنی ئەسەد دەدەن و پێیانوایە كە دەبێت كەوتنی ئەسەد لە سەرەتادا بێت، بۆیە لە هێرشكردنە سەر داعش بە كەمی بەشداری دەكەن، لەبەر ئەوەی دەیانەوێت وڵاتە یەكگرتووەكان بگات بەو دەرئەنجامەی كە ئەسەد دەبێت سەرەتا لەناو ببرێت، بۆیە ئێستا دەستێوەردانی رووسیا رێگە نادات بەوەی كە ئەسەد بكەوێت، ئەمەش ئەگەری ئەوە دەهێنێتە ئاراوە كە ئەم وڵاتانە- توركیا و سعودیە- هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن و بگەن بە رێككەوتنێك كە ئەسەد رۆڵ بگێڕێت لە قۆناغی گواستنەوەدا، ئەمەش جێی ئومێدە و پێموایە تێكشكانی داعش لە ماوەیەكی كورتدا بەبێ گەیشتن بە جۆرێك لە رێككەوتن تا رادەیەك قورسە.

سیدهارتا پاتيل هەروەها گوتی: لە بەر چەندین هۆكار لایەنەكان ناتوانن بگەن بە رێككەوتن. كاتێك گرووپە شۆڕشگێڕەكان لە ناو یەكدا بە تەواوی جیاوازن، زۆر قورس دەبێت كە بگەن بە رێككەوتنێك و بە تەواوی قورسە كە بتوانن باوەڕ بە یەك بكەن و لە داهاتوودا رێز لە رێككەوتنەكە بگرن. دەزانم كە پێتوایە شەڕی ناوخۆ بەوشێوەیە كۆتایی دێت، بەڵام لە راستیدا وا نییە، شەڕێ ناوخۆ لە نێوان لایەنە ناكۆكەكانی سووریادا بۆ ماوەیەكی درێژ بەردەوام دەبێت، لەوانەیە بۆ ساڵان و تەنانەت چەندین دەیە. پێموایە هەرچەندە رێگەكان داخراو بن، هەروەك لە شەڕی ناوخۆی لوبناندا، هەرچەندە بە بنبەست گەیشتبوو، بەڵام ئەمە وای نەكرد بەئاسانی بە رێككەوتن بگەن. كاتێك گرووپەكان دەبینن دەتواندرێت سازان دروست بێت، بەمەش زەرەرمەند دەبن، ئەوا قازانجیان لەوەدا دەبێت كە تێكی بدەن. ئەو هاوپەیمانییەی ئێستا لە نێو گرووپەكاندا هەیە لە سووریا زۆر بە خێرایی دەگۆڕێت، لە كاتی درووستبوونی سازان كە هەندێك گرووپ دەخاتە پێش هەندێك گرووپی دیكەوە.

شايانى باسه پاتيل گوتی: سیاسەتی وڵاتە یەكگرتووەكان ئەوەیە كە دەستێوەردان نەكات، ئۆباما پێیوایە دەبێت سەرەتا ئەسەد لە دەسەڵات لابەرێت. مەسەلەكە ئەوەیە خەڵكی لە ئیدارەی ئۆبامادا ئێستا ئەو گفتۆگۆیەیان بیستووە سەبارەت بە پێویستی دەستێوەردان لە سووریا، بەڵام لە دەرئەنجامە پێشبینی كراوەكانی دەترسن كە سەرهەڵدەدات. بە بۆچونی من وڵاتە یەكگرتووەكان زیاتر لەوە ناكات كە تائێستا كردوویەتی، هەتا سەرۆكێكی نوێ نەبێت، ئێستا ئۆباما داعش لە سووریا و عێراق بۆردومان دەكات و یارمەتی سەربازی بۆ حكومەتی عێراقی دابین دەكات و هەوڵدەدات پەرە بە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو بدات لە سووریا، پێموا نییە هەتا هاتنی سەرۆكێكی نوێ چاوەڕێی شتی دیكە لە وڵاتە یەكگرتووەكان بكرێت، ناشزانم ئەو سەرۆكە نوێیە چۆن بارودۆخەكە دەبینێت.


لە كۆتایی قسەكانیدا داڤید گوتی: پێموایە كوردستانی عێراق لە ئێستادا مۆدێلێكە بۆ سەقامگیری لە ناوچەكەدا. هەر لە ٢٠٠٣وە بووەتە مۆدێلێك بۆ هاوكاری و بەلانی كەمەوە لە نێوان یەكێتی و پارتی، ئەمەش پیشانی دەدات كە ئەو لایەنانەی كە لەگەڵ یەك ناكۆكن لە رووی ناوچەییەوە و سیاسەتی جیاوازیان هەیە، هێشتا دەتوانن پێكەوە حوكم بكەن، بۆیە بەم مانایە مۆدێلێكە بۆ ناوچەكە. بەڵام پێموایە لێدوانەكانی بارزانی بۆ مەبەستی گفتوگۆكردنە، بۆ بەدەستهێنانی یارمەتییە لە وڵاتە یەكگرتووەكان و وڵاتانی ئەوروپاوە. بارزانی لە مێژووی خێزانەكەی و مێژووی میللەتەكەی باش تێگەیشتووەو دەزانێت چۆن بانگەشەی سەربەخۆیی بكات و چی بۆ كورد بەدەست بهێنێت، پێموایە ئەو زۆر دانایە و تا ئێستا بەرگەی ئەم هاوكێشەیەی گرتووە. من لێدوان نادەم لە بارەی ئەوەی پێویستە كوردستان سەربەخۆ بێت، یان نا، بەڵام ئەو دەزانێ توركیا و ئێران كاردانەوەیان چۆن دەبێت، گەر كوردستان بانگەشەی سەربەخۆیی بكات. دەزانێت گرووپە جیاوازەكان چۆن دەكەونە بەر مەترسی گەر كوردستان بانگەشەی سەربەخۆیی بكات.



بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1044)
Top