"ڕاستییهكانم له كوردستان بینی"
لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری خاتوو بەیان سامی عەبدولرەحمان نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا چاوی بە بەڕێز لویس مۆرینۆ ئۆکامپۆ سەرۆکی داواکاری گشتی پێشوو لە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان کەوت کە بە مەبەستی تاوتوێکردنی کەیسی بە جینۆدناساندنی ئێزدییەکان بە دەستی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش لە هەرێمی کوردستان سەردانی کردبوو.
لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا کە نوێنەرانی هەریەک لە ڕێکخراوی ئازادی ئێزدییەکان و ڕێکخراوی یەزدا ئامادەی بوون بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت پوختەیەکی سەبارەت بە ناردن و بەدوا داچوونی ڕاپۆرتی بە جینۆدناساندنی کەیسی ئێزدییەکان لە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان لە لاهای خستەروو کە تیایدا ئاماژە بە کوشتن و بڕینی ژمارەیەکی بەرچاو لە پیاوانی ئێزدی کرد.
پاشان، ئاماژەی بە ئاوارە بوون و دەستگیرکردنی ژن و منداڵی ئەو کەسانە لەلایەن ڕێکخراوی ناوبرا و کرد کە ژمارەیان زیاتر لە (٢٠٠٠) هەژمار دەکرێت و ترسی ئەوەشیان هەیە کە ئەوانیش بە دەستی ئەو چەکدارانە لەناو ببرێن.
لەم بارەیەوە، سەرۆکی داواکاری گشتی پێشوو لە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان ئاماژەی بە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کرد کە لە نزیکەوە چاوی بە ژمارەیەک لە کەسانی ئازادبوو لە ژێر دەسەڵاتی ئێزدییەکان كهوتووه و ڕاستییهكانی بینویه لەگەڵ بەستنی زنجیرەیە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخی ئێزدییەکان دوای هێرشەکانی چەکدارانی داعش بۆ سەر ناوچەکانیان و ئاوارە بوونیان لە شوێنی زێدی خۆیان.
هاوکات، هەریەک لە هەوڵەکانی بە دەستهێنانی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ ناساندنی تاوانەکانی ڕێکخراوی ناوبرا دژی کەمە نەتەوەییەکان و، ئێزدییەکان و ئاوارە بوونیان لە شوێنی خۆیان و، بارودۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و، ڕەوشی مرۆیی ئاوارە ناوخۆیی و دەرەکیەکان و دابەشبوونیان بەسەر شارەکانی هەرێمی کوردستان تەوەرەیەکی تری کۆبوونەوەکە بوو.
شایانی باسە بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەت و شاندی یاوەری سەردانی ویلایەتی نیویۆرکی کرد بە مەبەستی بەشداریکردن لە حەفتایەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بە مەبەستی هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ڕەوشی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان و کەیسی بە جینۆدناساندنی ئێزدییەکان لە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان.
