"پڕۆژە چاکسازییەکەی وەزیری دارایی کۆنە و، بۆ مزایەدەی سیاسی نوێ کراوەتەوە"
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان (د. شیرین حوسنی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەزیری دارایی، پێرارەکەیش پڕۆژەیەکی چاکسازیی پێشکەش کردبوو؛ ئەو کات باسی نەھێشتنی دوومووچەیی و کارمەندی بندیوار و گواستنەوەی ئەوانەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بۆ سەر میلاکی حکوومەت دەکرد؛ ئەمانە ھیچیان لە پڕۆژەی چاکسازیە نوێیەکەدا نین؛ ئاخر ئەو پڕۆژەیە هەر بۆ مزایەدەی سیاسییە و، هەق نەبوو لە ڕاگەیاندنەوە باس بکرابا؛ با جارێ بە کردەوە جێبەجێ بکرابا ئینجا."
(د. شیرین حوسنی) گوتیشی، ئەو باس لەوە دەکات ھەوڵی زیادکردنی داھات دەدەن و، خەرجی کەم دەکەنەوە، بەڵام لەناو خودی پڕۆژەکە خاڵی تێدایە پێچەوانەی ئەمەیە، چونکە دەڵێت ئەوانەی بە تەمەن خانەنشین بکرێن کە کاتی خانەنشنییان ھاتووە و، ھەندێکی نوێ دابمەزرێنن، ئەمەش وا دەکات داھات کەم بێتەوە و خەرجی زیاد بکات.
(حوسنی) ڕوونیشی کردەوە، سەرۆکی حکوومەت باسی لەوە کرد پڕۆژە چاکسازییان دەبێت بۆیە ئەویش ئەو پڕۆژەی ڕاگەیاندووە و بە بیری ھاتووەتەوە، جا با پڕۆژەی چاکسازی تێکەڵ بە مزایەداتی سیاسی نەکرێت و، لە بەرژوەندی خەڵکدا بێت، لەبەر ئەوە پێویستە ھەموو وەزارەتەکان پشتیوان و ھاوکاری پڕۆژە چاکسازییەکەی سەرۆکی حکوومەت بکەن بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت.
