كۆریای باشوور لە هاوكارییكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت

كۆریای باشوور لە هاوكارییكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 30/9/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز جۆنگ وۆن چۆ باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق دڵخۆشیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و مەبەستی سەردانەكەشی خستە ڕوو كە بۆ گەیاندنی هەندێك كۆمەك و هاوكاریی حكوومەتی كۆریای باشوور بوو بۆ ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

ڕێز و سوپاسی خۆیشی پێشكەش بە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە توانیویانە لەو بارودۆخە قورسەی هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، پێشوازی لەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران بكەن و هاوكاری و خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشكەش بكەن و ستایشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و دەستخۆشی لە سەركەوتنەكانیان كرد. هەروەها تیشكی خستە سەر پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆریای باشوور و جەختی لە بەهێزتركردنی پەیوەندیییەكان كردەوە.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی باڵیۆز و هاوكارییەكانی حكوومەتی كۆریای باشوور بۆ بەهاناوەهاتنی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان كرد و جەختی لەوە كردەوە كە حكوومەتی هەرێم بایەخێكی زۆر بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆریای باشوور دەدات بە تایبەتی كە كۆریا لە سەرەتای ئازادكردنی عێراق لە دیكتاتۆریەت، لە هاوكارییكردنی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبوو.

هەروەها هیوای بەردەوامی و زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆریای باشووری خواست و ئامادەییی حكوومەتی هەرێمیشی بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگییەك لەگەڵ كۆریای باشوور دەربڕی. هەروەك تیشكی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە كە بارگرانییەكی زۆری بۆ هەرێم دروست كردووە.

تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوچەكە و دوا پێشهاتەكان و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە دژی تیرۆرستانی داعش، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

Top