ئاوارەکانی موسڵ داوادەکەن پێشمەرگە بەشداری گرتنەوەی شارەکەیان بکات
ژمارەیەک لە ئاوارەکانی موسڵ بە رووداویان گوت " پێشمەرگە هێزێکی چەکداری رێکخراوە و لەلایەن وڵاتانەوە پشتیوانی زۆری لێدەکرێت، پێشمەرگە بە باوەڕەوە شەڕ دەکات، لەبەرئەوە پێشوازی لە بەشداریکردنیان دەکەین لە شەڕی ئازادکردنی موسڵدا".
بەشێکی دیکەی ئاوارەکانی موسڵ، کە لە هەرێمی کوردستانن، دەڵێن : سوپای عێراق دەتوانێت موسڵ بگرێتەوە، بەڵام بەشداری پێشمەرگە گرنگە بۆ گرتنەوەی موسڵ، چونکە پێشمەرگە شارەزایی زۆری لە شەڕی دژی داعشدا هەیە، ئەوەش باشترە لەوەی هێزی بیانی بەشداری پێبکرێت".
ئاوارەیەکی دیکەی شاری موسڵ، لەبارەی بەشداریکردنی پێشمەرگە لە گرتنەوەی موسڵ بە رووداوی رایگەیاند : پێشمەرگە هێزێکی عێراقییە و مافی ئەوەی هەیە بەشداری ئازادکردنی پارێزگاکانی عێراق بکات، ئینجا موسڵ بێت، یان ئەنبار".
رۆژی 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014، سەرەڕای بوونی ژمارەیەکی هێزەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی پۆلیس، داعش دەستی بەسەر شاری موسڵدا گرت و تاکو ئێستاش شاری موسڵ، کە سەنتەری پارێزگای نەینەوایە بەدەست چەکدارانی ئەو رێکخراوەوەیە.
رووداو
