نووسەرێکی ئەمریکی: کەرکووک خاڵی یەکلاییکردنەوەی سەربەخۆیی کوردستانە
نایت لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لە ماڵپەری پەیمانگای واشنتن بۆ لێکۆڵینەوە لە رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نووسیویەتی ، باسی لەوە کردووە کە "بەهۆی کەرکووک، هەرێمی کوردستان و بەغدا یان دەتوانن ئاشت ببنەوە و یەکگرتوو بن، یان کەرکووک جیایان دەکاتەوە و کوردستان سەربەخۆ دەبێت".
بەپێی گوتەی نایت:" کەرکووک بووەتە چەقی پێنج ململانێ لە عێراق، یەکەمیان شەڕی داعش، کە ئێستا لەگەڵ عێراق لەشەڕدایە و چەند مانگێکیشە ئەو رێکخراوە بەرامبەر کورد هیچی پێنەکراوە" .
بەبڕوای نایت "کەرکووک قوربانی ململانێ و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداشە ، سەرچاوەی مشتومڕەکەش نەوتی شارەکەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەناردەی نەوتی شارەکەو رێککەوتن لەسەری دەکرێت خاڵی کۆکەرەوە بێت لەنێوان کورد و بەغدا".
ئەو شارەزایە دەشنووسێت:" نەجمەدین کەریم سەرکەوتووترین پارێزگارە لە عێراق، بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا توانیویەتی باڵانسی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر کەرکووک رابگرێت."
خاڵێکی دیکە کە نایت پێیوایە بەهۆیەوە ئەو شارە ستەمی لێدەکرێت، نەناردنی پارە و بودجەی پێویستی شارەکەیە، لەکاتێکدا ئەو شارە بەردەوامە لە ناردنی نەوت بۆ دەرەوە، نایت دەنووسێت "بەغدا پارەی پێویست بۆ شارەکە نانێرێت و بۆ پرۆژەکانیش لە دوو ساڵدا تەنیا 197ملیۆن دۆلاری ناردووە ، لە 4 مانگی یەکەمی ئەمساڵیش شارەکە تەنیا 12 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە، ئەمە لەکاتێکدا دانیشتوانی کەرکووک ملیۆن و نیوێک دەبێت و ژمارەیەکی زۆر ئاوارەشی لە خۆگرتووە ."
مایكل نایت ، لەبەشێکی نووسینەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات:" کەرکووک دەبێتە خاڵی یەکلاییکەرەوەی سەربەخۆیی کوردستان ،بەڵام لەگەڵ ئەوەش هێشتا پارتە کوردییەکان لەسەر رۆڵ و پێگەی کەرکووک رێکنەکەوتوون و ناکۆکیان هەیە، بەتایبەت بۆ گشتپرسی و سەربەخۆیی."
بەبڕوای ئەو نووسەرە "ئەوەی تا ئێستا دیارە کەرکووک لەلایەن خەڵکی دەرەوە بۆ بەرژەوەندی بەکاردێنن، بەپێی لێکۆڵینەوەکانیش خەڵکی ئەو شارە لە نیگەرانی قووڵ دەژین و هەلی کار کەمە، بۆیە شارەکە بووەتە قوربانی دەستی ناکۆکی و ململانێیی تووند لە عێراق".
لەگەڵ ئەوەش نایت پێی وایە " بەغدا و کوردستان دەتوانن کەرکووکییەکان زیاتر بۆ لای خۆیان راکێشن، پێدانی بودجەیەکی باش بە شارەکە دەکرێت کلیلی راکێشانی کەرکووکییەکان بێت بۆ هەر لایەک".
رووداو
