سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میحوەری خازرهوه: دەبێ هیوامان بە دواڕۆژ زۆر بێت
ڕۆژی پێنجشەممە 24ـی 9ـی 2015 (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە یەكەم ڕۆژی جەژنی پیرۆزی قورباندا، بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدی فەرماندە شەهید (فەرەیدوون جوانڕۆیی) و هەروەها پیرۆزباییكردنی جەژن لە پێشمەرگە قارەمانەكان سەردانی میحوەری خازری كرد.
لەم سەردانەدا (سەرۆك بارزانی) یادی شەهیدی سەركردە شەهید (فەرەیدوون جوانڕۆیی) بەرز نرخاند، كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا ئەركی خۆی لە بەرگریكردن لە خاكی كوردستان لە میحوەری خازر قارەمانانە و زۆر بە سەركەوتوویی ئەنجام داوە.
هاوكات (سەرۆك بارزانی) پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەكانی ئەو میحوەرە كرد و هەر لەوێشەوە پیرۆزبایی لە یەك بە یەكی پێشمەرگە قارەمانەكان كرد هەر لە خانقینەوە هەتا شنگال، كە ئازایانە بەرگری لە گەلی كوردستان و مرۆڤایەتی و بەها ئینسانییەكان دەكەن. (سەرۆك بارزانی) پیرۆزباییشی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان كرد و سڵاویشی بۆ گیانی پاكی ئەو پێشمەرگانە نارد، كە گیانی خۆیان فیدای نیشتیمان كردووە و شەهید بوونە. هەروەها پیروزبایی جەژنی لە پێشمەرگە بریندارەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان كرد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ خواستن.
(سەرۆك بارزانی) لەم سەردانەیدا، سوپاسی خۆڕاگری و گیانفیدایی پێشمەرگەی كرد و، جەختی لەوە كردەوە كە، پێشمەرگە مێژوویەكی مەزنی تۆمار كردووە و بە گیانی خۆی وڵاتەكەی و جیهانی پاراست و، بووە سیمبوڵی پاراستنی ئازادی و بەهاكان لە بەرانبەر داعشێك، كە سیمبولی تاوان و تیرۆر و دژایەتیكردنی ژیانە.
(سەرۆك بارزانی) ههروهها ئاماژەی بە بارودۆخی بەرەكانی شەڕ كرد و هێمای بەوە دا، كە ئیرادە و بیروباوەڕی پێشمەرگە زۆر بەهێز و بەرزە و، دڵنیاییشی دایە پێشمەرگە كە، سەركەوتن بۆ پێشمەرگە و كوردستان دەبێت و لەو ڕێگەیهیشەوە دڵی هەموو لایەك ڕوون بێت و دەبێ هیوامان بە دواڕۆژ زۆر بێت.
لە بەشێكی ئەم سەردانەدا (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ فەرماندە مەیدانییەكانی میحوەری خازر كۆ بووەوە و، فەرماندەكان، (سەرۆك بارزانی)یان لە ڕەوشی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ ئاگادار كردەوە و، (سەرۆك بارزانی)یش ڕێنوێنی و ئامۆژگاریی پێویستی خستەڕوو.
