مەسرور بارزانی: ئاوارەكان هەڕەشە لەسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان دروست دەكەن

مەسرور بارزانی: ئاوارەكان هەڕەشە لەسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان دروست دەكەن
مەسرور بارزانی راوێژكاری ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دوایین ئامار لەسەر ئاوارە و پەنابەران، ئاماژە بەبوونی زیاتر لە دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار عیراقی و سوری دەكەن لە هەرێم، ئەوەشی خستەڕوو، هەرێم وێڕای جەنگی داعش و نەبوونی موچە، مامەڵە لەگەڵ دۆسێی ئاوارە و پەنابەرانیشدا دەكات.
مەسرور بارزانی لە ئەكاونتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) نوسیویەتی: "هەرێمی كوردستان لە ئێستادا میوانداریی دوو ملیۆن و 910 هەزار ئاوارەی كردووە، ئەو ژمارەیەش فشاری گەورە لەسەر هاوڵاتیانی هەرێم دروست دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا شەڕی داعش و نەبوونی بودجە، بارگرانییەكی تری سەر شانی هەرێمە".
بە وتەی راوێژكاری ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەو پەنابەرانە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی هەرێم دروست دەكەن، بۆیە دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم ئەو پەڕی هەوڵی خۆیان بۆ چاودێریكردن و جموجۆڵیان دەخەنەگەڕ.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی سوباتی رابردوو رایگەیاند، ژمارەی ئاوارە و پەنابەران، لە دوو ملیۆن كەس نزیكبووتەوە و نزیكەی 28%ی دانیشتوانی هەرێم پێكدەهێنن.
Top