مه‌سروور بارزانی به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنه‌وه‌: پێویسته بژارده‌ی سه‌ره‌كیی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و ململانێ سیاسییه‌كان دانیشتن و گفتوگۆ بێت

مه‌سروور بارزانی به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنه‌وه‌: پێویسته بژارده‌ی سه‌ره‌كیی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و ململانێ سیاسییه‌كان دانیشتن و گفتوگۆ بێت
به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان
به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی قوربانی پیرۆزه‌وه‌،‌ پیرۆزبایی جه‌ژن‌ له‌ جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی كوردستان و سه‌رجه‌م پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و كارمه‌ندانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگاكانی ئاسایش و پۆلیس و خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌م.
هاتنه‌وه‌ی ئه‌م جه‌ژنه‌ له‌كاتێكدایه، وێڕای كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان،‌ ساڵێك زیاتره‌ پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ جیاوازیی بۆچوونی سیاسییانه‌وه‌، به‌ ئیراده‌یه‌كی نیشتمانیانه‌ی‌ زۆر قاره‌مانانه‌ و خۆڕاگرانه، كه‌ له‌ دنیادا وێنه‌ی كه‌مه‌،‌ رووبه‌ڕووی دڕه‌نده‌ترین دوژمنی مرۆڤایه‌تی بوونه‌ته‌وه‌، سه‌رباری پێشوازیكردنی له‌ ژماره‌یه‌كی زۆری په‌نابه‌ری ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی عێراق‌‌. ئه‌مه‌ش ئه‌و راستییه‌ ده‌سه‌لمێنێ، كه‌ ئاسۆیه‌كی گه‌ش له‌ پێش كوردستاندایه‌ و، پاشه‌كشه‌ له‌ فه‌رهه‌نگی لێبورده‌یی و مرۆڤدۆستی و ئاشتیپه‌روه‌ری و مافه‌ ره‌واكانی خۆی ناكات.
ئه‌وه‌ی له‌ رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌دا پێشبینی ده‌كرێ، له هه‌موو لایه‌ك ده‌خوازێ، پێویسته بژارده‌ی سه‌ره‌كیی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرژیی و ململانێ سیاسییه‌كانی كوردستان دانیشتن و گفتوگۆ بێت، له‌پێناو به‌هێزكردنی ناو ماڵی كوردستان و پاراستن و به‌ ده‌ستهێنانی ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌تر و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی ژیان، كه‌ رووبه‌ڕووی خه‌ڵكی كوردستان بوونه‌ته‌وه‌ و فه‌راهه‌مكردنی ژیانێكی شایسته‌تر بۆ سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی كوردستان.
جارێكی دیكه‌ پیرۆزبایی له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م و سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیده‌كان داده‌نوێنم و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌كان ده‌خوازم.

براتان
مه‌سروور بارزانی
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان




















kdp
Top