جارێكى تر خەڵكى كەركوک رازى نابێت پێشمەرگە ناوچەكە بۆ هیچ هێزێكى تر چۆڵ بكات
“ڕێبوار تاڵەبانى”، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند”هەوڵێكى سیاسى ئیقلیمى نێودەوڵەتى لە ئارادایە بۆ نانەوەى دووبەرەكى لە كەركوک لە ڕێگەى كوشتنى كەسایەتیـیەكانى كەركوكەوە.”
دەربارەى تۆمەتباركردنى ئەنجومەنى پارێزگا لەسەر لێپێچینەوە نەكردن لە بەرپرسانى ئەمنى بەهۆى دەستگیرنەكردنى ئەو كەسانەى كەسایەتیەكانى كەركووک تیرۆر دەكەن، ڕێبوار تاڵەبانى گوتى: “ئەنجومەنى پارێزگا چەندین جار بەرپرسانى ئەمنى بانگهێشتكردووە و بەردەوامیش دەبێت لە بانگهێشت كردنیان.”
بەبڕواى سەرۆكى ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوک، داعش لە سنوورى كەركووک لە حاڵەتی پاشەكشە و بەرگریدایە و توشى بارودۆخێكى ناجێگیربووە، بە شێوەیەک ئەگەر هاوكێشە ئیقلیمیەكان نەبێت ناتوانێت لە ناوچەكەدا بمێنێتەوە.
ڕێبوار تاڵەبانى، جەختیشیكردەوە كە هێزى پێشمەرگە لە ناوچەكەدا دەمێنێتەوە و جارێكى تر خەڵكى كەركوک رازى نابێت پێشمەرگە ناوچەكە بۆ هیچ هێزێكى تر چۆڵ بكات.
تۆمەتباركردنى وڵاتانى ئیقلیمى بەدەست هەبوون لە ئاڵۆزیەكانى كەركووک، لە كاتێكدایە كوتلەى عەرەبى بەبیانووى بە ئامانج كردنى كەسایەتیە عەرەبەكان دانیشتنى ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوكى بایكۆتكرد.
باسنیوز
