سوپاسالاری پێشمەرگە: پێش گرتنەوەی مووسڵ شنگال ئازاد دەكەین
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە فەرماندە سەربازییەكان، ئەمریكا لە خەمساردیی بەغدا بێزار بووە و خەریكە كورد دەبێتە قسەكەری سەرەكی سەر ئەو مێزەی فایلی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵی لەسەرە.
سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە، ئەو هەواڵانەی رەتكردەوە كە باس لە چوونی هێزێكی مەیدانیی ئەمریكی دەكەن بۆ نزیكی مووسڵ تاوەكو بەشداریی لە شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەیدا بكەن "ئێمە بەردەوام لە ناوچەكانی نزیكی مووسڵین و تاوەكو ئێستا هیچ هێزێكی ئەمریكی لەوێ نین".
فەریق جەمال محەممەد، سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ دەبەستێتەوە بە هەماهەنگیی پێشمەرگە و سوپای عێراق و لەوە زیاتر بە پێویست نازانێ "بەڵام كاتی دەستپێكردنی هێرشەكە دیاری نەكراوە و هێشتا كورد بڕیاری كۆتایی نەداوە لەوەی بەشداری شەڕی ناو مووسڵیش بكات یان نا".
سوپاسالاری پێشمەرگە نەیشاردەوە كە "پێشمەرگە هەریەك لە شنگال و قەرەقووش و باشیك و بەرتلە ئازاد دەكاتەوە، بەر لەوەی سوپای عێراق بچێتە ناو مووسڵ، كورد بەشداری شەڕی مووسڵ دەكات، بەڵام بۆچوونە ناو مووسڵ بڕیاری كۆتایی نەداوە".
شارە سوننەنشینەكان زوو كەوتنە دەست چەكدارانی داعش، بەڵام دەروازەی هاتنە ناوەوە و بەهێزبوونی داعش لە عێراق، مووسڵ بوو، دووەم گەورەترین پارێزگای عێراق كە بۆ كوردیش گرنگییەكی زۆری هەیە. ئەوە مووسڵە كە لە كۆتاییدا بڕیار لەسەر سەقامگیریی سنوورەكانی باشووری كوردستان دەدات، بەڵام بەرپرسێكی سەربازیی كورد رەتیدەكاتەوە كورد بۆ ئەوە بەشداریی شەڕی مووسڵ بكات كە ئۆقرەیی سنوورەكانی دەستبكەوێ.
شێخ جەعفەر مستەفا، فەرماندەی هێزەكانی 70 لە وەزارەتی پێشمەرگە بە (رووداو)ی گوت "ئێمە وەك كورد مەرجمان بۆ بەشداری لەشەڕی مووسڵدا نییە و پێمان خۆشە خەڵكی مووسڵ بۆ خۆیان بتوانن چەك هەڵبگرن و ناوچەكانی خۆیان ئازاد بكەنەوە و پێویستیان بەكەس نەبێ، بەڵام بەشێكی مووسڵ كوردستانییە و لەبەر ئەوە بەشداری لە گرتنەوەی ئەو بەشە كوردستانییەدا دەكەین".
مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەمریكا بڕیاری دا سێ لیوای پێشمەرگە پڕچەك بكات. تاوەكو ئێستا ئەو سێ لیوایەی پێشمەرگە چەكی ئەمریكییان پێنەگەیشتووە، بەڵام شكستهێنانی ئەمریكا لە مەشقدانی هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە توركیا و ئەو هێزە سوننیەی عێراق كە دەیویست ئامادەیان بكات بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ، وای لێكردووە ئێستا پێشمەرگە هێزی متمانەپێكراوی نمرە یەكی ناوچەكە بێت بەلایەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (رووداو)، لە فێرگە سەربازییەكەی توركیا تەنیا چەند سەربازێكی راهێنراو ماونەتەوە و لە هێزە سوننییەكانیشدا بەهەمانشێوە، هەر بۆیە ئەمریكییەكان بە تەواوی لەوە تووڕەن و ئەو نائومێدبوونەی خۆشیان بۆ بارزانی باس كردووە.
بەرپرسێكی سەربازیی كورد دەڵێ جموجوڵەكانی دەسپێكردنی شەڕی مووسڵ دەركەوتوون و ئەمریكا لە هەوڵدایە سوپای عێراق و پێشمەرگە لەیەك نزیك بكاتەوە "ئەمریكا دەیەوێ پێش رومادی و هەر ناوچەیەكی دیكە، مووسڵ ئازاد بكرێتەوە. سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لە دوایین دیداری لەگەڵ ئەمریكییەكان پێیگوتوون كە پێشمەرگە مووچە و چەكی دەوێ".
ئەو بەرپرسە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، باسی ئەو گرێیانە دەكات كە لە بەردەم فایلی مووسڵدا دروستبوون و وەك ئەو دەڵێت، لە هەموو روویەكەوە ئەمریكا لە كورد نزیكتر دەكەنەوە "چونكە ئەمریكا تێگەیشتووە لەوەی دەبێ كورد سەركردایەتی ئەو شەڕە بكات و هەر ئەوەش وایكردووە بەغدا نەرمی بنوێنێ لەوەی بڕیار بدات پارە بۆ پێشمەرگە بنێرێ".
ئەو بەرپرسە ئاشكراشی كرد كە لە كۆبوونەوەی بارزانی و ساڵح موسلیم، سەرۆكی پەیەدەدا بە ئامادەبوونی ئەمریكییەكان، قسە لەسەر گرتنەوەی مووسڵ كراوە "ئەمریكا تێگەیشتووە لەوەی دەبێ نێوانی پارتی و پەكەكە و پەیەدە ئاسایی ببێتەوە، هەروەها دەیەوێ پێشمەرگەكانی رۆژئاوا بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان بۆ ئەوەی لە كاتی دەستپێكردنی شەڕی مووسڵدا، كورد بتوانێ رێگری لە هاتوچۆی هێزەكانی داعش بكات".
هەروەها دەڵێ، بارزانی مەرجێكی خستووەتە بەردەم ئەمریكییەكان بۆ بەشداریكردن لە شەڕی مووسڵ "بارزانی مەرجی ئەوەی هەیە، پێشمەرگە لە ناوچە كوردییەكانی مووسڵ ناكشێتەوە و تێیدا دەمێنێتەوە".
كورد بەڵگەی زۆری بەدەستەوەیە پێشانی ئەمریكییەكانی بدات لەوەی كە چەند جار لە عێراقدا هەڵەیان كردووە، لەو بایەخە زۆرەی بە سوپای عێراقیاندا و هیچیان نەچنییەوە. بەڵام چیدی ئەمریكا پشت بە سوپا پڕ چەك و پڕ ناكۆكییەكە نابەستێ و لەسەر زەمینی كردار وەڵامی دەوێ.
ئەندامێكی لیژنەی ناوخۆ و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، گوتی "ئەمریكا گوشارێكی زۆری خستووەتە سەر ژووری ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی مووسڵ بۆ دەستپێكردنی شەڕ، پێدەچێ لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ئەوە رووبدات". شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی كە شەش فەوجی پۆلیسی خەڵكی مووسڵ لە سنووری تكریتن "بەڵام ئێستا رۆشن بووەتەوە كە شەڕی مووسڵ بەبێ كورد دەست پێناكات و ئەو شارەش بەبێ هێزی كورد ناگیرێتەوە، چونكە ئێستا ئەمریكا پشتی بە كورد بەستووە".
لە سەرچاوە ئاگادارەكانەوە (رووداو) زانیویەتی كە ئەمریكییەكان بەڵێنیان بە بارزانی داوە، پێش دەستپێكردنی شەڕی مووسڵ، بەغدا ناچار بكەن چەك و پارە بۆ پێشمەرگە بنێرێت و بۆ خۆشیان چەك دەدەنە ئەو سێ لیوایەی پێشمەرگە.
رووداو-
