سەرکردەیەکی یەکێتی: تا ئێستاش هەر بارزانی سەرۆکە و پەرلەمان نوێنەرایەتی هەموو خەڵک ناکات
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی رایگەیاندووە، کە هەموو حزب و لایەنەکان لەم دۆخە بەرپرسیارن و دەڵێت، ”من دڵم خۆش نییە بەم دۆخەی، کە کۆبوونەوە لەسەر کۆبوونەوە دەکرێت“ و لایەنەکانیش ناگەنە هیچ ئەنجامێک.
مستەفا چاوڕەش لەبارەی کێشەکانی هاووڵاتییان و هەرێمی کوردستان لە قەیرانی دارایی و شەڕی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەدوێت و پێیوایە، هەموو حزبەکان، ”پارتی بە پلەی یەکەم“ و گۆڕان، کۆمەڵ، یەکێتی و یەکگرتوو لەم دۆخە بەرپرسن، ”دەبێت هەموومان یەکگرتوو بین بۆ ئەم شەڕ و مەترسییە“.
ئەو ئەندامەی سەکردایەتیی یەکێتی باس لەوەش دەکات، کە هیچ حزب و کەسێک رکابەری بۆ بارزانی نییە و هیچ کامیشیان نەیانگوتووە سەرۆک نییە، هەروەها رایدەگەیەنێت، کە مەسعود بارزانی تاوەکو ئێستاش هەر سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و بەڵگەی ئەوە دەهێنێتەوە، کە ”کاتێک وەفدێک دێتە هەرێمی کوردستان، سەردانی بارزانی وەک سەرۆک دەکەن“ نەوەک کەسێکی دیکە.
مستەفا چاوڕەش ئاماژە بەوەدەکات، کە پەرلەمانی کوردستان نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی کوردستان ناکات، ”دەنگی ٪60ـی هاووڵاتییانی هێناوە“ و دەپرسێت، ”خەڵک بە گشتی گرنگترە یان دەنگی ئەو ٪60ـە“ و پەیامێکیش بۆ پەرلەمانتارانی کوردستان دەنێرێت، بەوەی دەبێ گوێ لە حزبەکانیان بگرن و ”ناکرێ بە کەیفی خۆیان بکەن“.
بەپێی ئەم گوتانەی ئەو سەرکردەیەی یەکێتی، کە لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی ئاوێنەدا کردوونی، لە ئەگەری نەگەیشتنە رێککەوتنی لایەنەکان، هیچ روونادات، بەڵام ”نابێت کارێکی وابکەین وڵاتان بەجێمان بهێڵن“ و پێیوایە، دەبێ هەموو حزب و لایەنەکان لەنێو خۆیان و لەگەڵ میللەتیش رێکبکەون.
باسنیوز
