پارتی و سۆسیالیست دابەشکردنی پۆستەکانی ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵه‌بجە رەتدەکەنەوە

پارتی و سۆسیالیست دابەشکردنی پۆستەکانی ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵه‌بجە رەتدەکەنەوە
دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و گۆڕان لەگەڵ کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی کۆبوونەوە و کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵبجەیان بەئارەزووی خۆیان دابەش کرد، ھەر یەکە لەپارتیی دیموکراتی کوردستان و حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئەو دابەشکاریە رەت دەکەنەوە.
بەرپرسی مەڵبەندی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە ھەڵه‌بجە (سۆران حەسەن) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ئەو دابەشکاریە خۆیان لەسەر بنەمای ھەڵبژاردنی رابردوو كردوویانه‌، بۆیە ئێمە ئەمە رەتیدەکەینەوە و قبووڵمان نیە و پێویستە ھەموولایەنەکان پێی رازی بن، بەڵام ئێمە بەمە رازی نابین، چونکە لەپێشوتریش کورسییەک و بەڕێوبەرێکی گشتی بەئێمەدرابوو.
(سۆران حەسەن) گوتیشی، ئێمە بەرژوەندی خەڵکی ھەڵه‌بجە بە پۆست ناگۆڕینەوە، بەڵام بەمافی خۆشمانی دەزانین، چونکە چەندین ساڵە لەو ناوچەیە خزمەت دەکەین، رازی نابین بەبێ ئەوەی ھەڵبژاردن کرابێت ئه‌م دابه‌شكارییه‌ بكرێ، بۆیە ئەمە رەت دەکەینەوە.
لای خۆشیەوە کارگێری لقی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەھەڵبجە (بەختیار سدیق) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی گوتی،ئەوان لیژنەی یاسایی نین ئەو کورسیانە دابەش بکەن و لایەنی یاسایی کۆمسیۆن دەتوانێ بڵێت ئەولایەنانە چەند کورسیان بەردەکەوێت، یاخود پەرلەمانی کوردستان کە بڕیاری دەرکردووە داوا لەوەزارەتی ناوخۆ ده‌كات کورسییەکان دابەش بکات.
(بەختیار سدیق) گوتیشی، ئێمە سورین لەسەرداواکاری خۆمان کە چوار کورسی و قایمقامان پێبدرێت و لەمە کەمتر قبووڵی ناکەین.
ئەمڕۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی کۆبوونەوە و کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵه‌بجەیان دابەش کرد، کە بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان شەش کورسی و گۆڕان پێنج کورسی ویەکگرتوو وکۆمەڵ حەوت کورسی و پارتیی دیموکراتی کوردستان سێ کورسی و لیستی ھاوپەیمانی یەک کورسی و بزووتنەوەی ئیسلامی دوو کورسی و کۆتا یەک کورسی.
Top