بۆ ئەوەی چەند حزبێكی ئیسلامی ئەم ئایینە پیرۆزە ئیستغلال نەكەن، دەبێت حكومەتی كوردستان خانەی فەتوا دابمەزرێنێت و فقهێكی ئیسلامی كوردانەمان هەبێت
حەسەن سابیر هەروەها گوتی: ئەوەی ئەم تیرۆریست و توندڕەوانە دەیكەن، دەیسەلمێنێت كە بیروباوەڕیان دوورە لە هەقیقەتی ئیسلامەوە. ئەگەر بكەوینە بەردەستیان كوشتنی ئێمەیان حەڵاڵ كردووە، ئەمە كەی لەناو دەقی پیرۆزی قورئان و فەرموودەكاندا هەیە، تەنانەت كاتێك ئالان ئەو منداڵە كوردەی لە كەنار دەریاكە دۆزرایەوە و خنكابوو، ئەم كارەساتە هەموو گەلانی دنیا و سەركردەكان و حكومەتەكانی رۆژئاوای هەژاند و سنوورەكانیان كردەوە و بڕیاری زۆر بوێرانەیان بەرامبەر كۆچبەران دەركرد، كەچی لە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەكان و سەركردەكانیان هەستمان بەوە نەكرد، بە پێچەوانەوە قسەی خراپیان كردو یەكێك لەو قسانەی كە كردبوویان و لە وتاری هەینیدا باسمكرد دەڵێت: «منداڵەكە منداڵێكی كوردە و عەرەب نییە، پێویست ناكات بۆ منداڵی غەیرە عەرەب و كافرەكان بگرین، ئەوانە خەڵكی دۆزەخن و جەهەننەم چاوەڕوانیان دەكات. ئایا نازانی تاكوو بە داری بچووك ئاگرەكە نەكەیتەوە، داری گەورە ئاگر ناگرێت؟» ئەمە هەمان هەڵوێستی داعشە و بەو شێوەیە سەیری ئێمە دەكەن.
شايانى باسه سابیر هەروەها گوتی: سوپاس بۆ خوا، كوردستان لە دێرزەمانەوە شوێنی پێكەوەژیانی هەموو نەتەوە و ئایینە جیاجیاكان بووە و موسڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و جوولەكەی تێدا بووە، تەنانەت كەسانێك هەبوون ئایینیان نەبووە، لەم كەلتوورەی لێبوردەییەدا نەتەوەی كورد رۆڵی گرنگی بینیوە لە قووڵكردنەوەی ئەم گیانی پێكەوەژیانە، ئێستاش گرفت و كێشەكانمان نەگەیشتۆتە ئەوەی ئێمە رك و كینەمان دەرهەق بە یەكتر هەبێت. گرنگە ئەمڕۆ بزانین چۆن باوك و پاپیرانمان پارێزگارییان لەم پێكەوەژیانە كردووە، كارێكیش نەكەین كە جیاوازی و ناكۆكی توند لە نێوان نەتەوە جیاجیاكان و ئایین و ئایینزاكان دروست بێت، بەتایبەتی لەم قۆناخەدا كە كۆمەڵێك بیروبۆچوونی توندڕەوی جیاواز هاتۆتە ئەم وڵاتەوە كە خوڵقێنەری رك و كینە و دووبەرەكییە و كارێكی وادەكات ئێمە بەزەییمان بەیەكتردا نەیەت. هەر بۆیە كاتێك لەو بیروبۆچوونە توندوتیژییە دوور بكەوینەوە، ئینشائەڵڵا پارێزگاری لە پێكەوەژیان دەكەین و دوور دەبین لە هەموو كێشە و گرفتێك.
لە كۆتایی قسەكانیدا حەسەن هەروەها گوتی: ئایینی پیرۆزی ئیسلام باوەڕی بە مافی هەموو كەسێك هەیە بە موسڵمان و غەیرەموسڵمانیشەوە. باوەڕی بە هەموو نەتەوەكان كردووە و جیاوازی لە نێوان رەگەزەكان نەكردووە، تەنانەت لە ئیسلامدا نییە كەسێك بە زۆرەملێ ئیسلام بكرێت، مەگەر بە ئارەزوومەندی بێت و پێی خۆش بێت. ئایینی پیرۆزی ئیسلام هاندەر و پاڵپشتی یەكڕیزی نێوان موسڵمانان و پتەوكردنی رۆحی پێكەوەژیانی نێوان ئایین و ئایینزاكانە. خودای گەورەو میهرەبان خوتابەكەی بە (یا أیها الناس إنا خلقناكم من ذكر وأنثی و جعلناكم شعوبا و قبائل لتعارفوا إن أكرمكم عند اللە أتقاكم) دەست پێ دەكات و نەیفەرمووە: (یا ایها المؤمنین) یاخود (یا ایها المسلمین) .
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1043)
