سەرلەشکری ھێزی پێشمەرگە: کەس ناتوانی رۆڵی پێشمەرگە لەشنگال کەمبکاتەوە

سەرلەشکری ھێزی پێشمەرگە: کەس ناتوانی رۆڵی پێشمەرگە لەشنگال کەمبکاتەوە
دوای ئەوەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەکۆنگرەی پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان لەوتارێکدا باسی لەوەکرد ئەگەر یەپەگە نەبووایە شنگال عەیبدارتر دەبوو، سەرلەشکری ھێزی پێشمەرگە دەڵێت، ئەمە موزایەدەی، کەس ناتوانی رۆڵی ھێزی پێشمەرگە کەمبکاتەوە و خەڵکی کوردستان شاھیدە کێ ئەوناوچانەی رزگارکردووە؟


سەرلەشکری ھێزی پێشمەرگە فەریق جەمال ئیمینکی بەماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ھێزی پێشمەرگە توانیویەتی لەزومار تا دەگاتە شنگال بەسەدان كیلۆمەتر ئازاد بکات، بۆیە کەس ناتوانی رۆڵی پێشمەرگە کەم بکاتەوە و خەڵکی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە شاھیدی ئەوەن کێ ئەو ناوچانەی ئازاد کردووە.

سەرلەشکری ھێزی پێشمەرگە گوتیشی، سیاسییەکان ئارەزووی خۆیانە چۆن قسە دەکەن؟ بەڵام ناتوانن رۆڵی ھێزی پێشمەرگە کەمبکەنەوە، چونکە قوربانییەکی زۆر بۆ ئازادکردنی ئەو ناوچانە دراوە، بۆیە ئەوەی دەوترێت موزایەدەی سیاسییە.

ڕوونیشی کردەوە، ئەوناوچانەی ئازاد کراون ھەموو بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەسەرپەرشتی سەرۆکی ھەرێم ئازادکراون و دیارە پێش ئەوەی شنگال ئازادبکرێت دۆخەکە چۆن بوو و لەئێستادا چۆنە بەتایبەت چیای شنگال؟

ئیمینکی ئەوەشی خستەروو، قوربانیدان لەپێناو ئازادکردنی شنگال بەردەوامە و ئەوەی ماوە لەسەر دەستی ھێزی پێشمەرگە ئازاد دەکرێت.

Top