فوئاد حوسێن: دەرگایەكی گەورە لەنێوان لایەنەكان كرایەوە

 فوئاد حوسێن: دەرگایەكی گەورە لەنێوان لایەنەكان كرایەوە
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، كە ئەمڕۆ دەرگایەكی گەورە بۆ دانوستاندن لەنێوان لایەنەکان كراوەتەوە و پارتی بژاردەی دووەمی چوار لایەنەکەی وەرگرتووە و دیراسەتی دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17 ی ئەیلوولی 2015، هەشتەمین كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی نێوان (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتوو) لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵای شاری هەولێر، لەبارەی چارەسەركردنی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

لە كۆبوونەوەكەدا چوار لایەنەكە دوو پێشنیازیان خستنە بەردەم پارتی، ئەوانیش سەرۆک لەنێو پەرلەمان هەڵبژێردرێت بە دەسەڵاتی زۆرەوە، یاخود سەرۆك لەنێو خەڵك هەڵبژێردرێت بەڵام دەسەڵاتەكانی كەمبكرێنەوە. پارتیش پێشنیازی دووەمی بۆ دیراسەتكردن قبوڵكرد. بڕیارە کۆبوونەوەی داهاتووش رۆژی 6ی تشرینی یەكەمی 2015 لە سلێمانی بەڕێوەبچێت.

د. فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان كە سەرپەرشتی كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان دەكات، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكە گوتی "ئەمڕۆ دەرگایەکی گەورە کرایەوە بۆ دانوستاندن لەنێوان لایەنەکان، لایەنەکان دوو بژاردەیان خستنە بەردەم کۆبوونەوەکە، پارتیش بژاردەی دووەمی وەرگرت و بڕیاریداوە بیگەڕێنێتەوە بۆ مەكتەبی سیاسی و دیراسەتی بکات".

دوای كۆبوونەوەكە پەیامێك ئاراستەی دەزگاكانی راگەیاندن كراو و داوایان لێكرا بەرپرسیارانە مامەڵەگە لەگەڵ ئەم دۆخە بكەن و هێرش نەكەنە سەر لایەنەكان. لەمبارەیەوە فوئاد حوسێن گوتی " قبوڵناکرێت لە هەندێک کەناڵ هێرشبکرێتە سەر لایەنە سیاسییەکان، هیوادارین راگەیاندنەکان یارمەتیدەربن بۆ گەیشتنی لایەنەکان بەسازان"

بڕیارە لەسەر هەمان پرس رۆژی دووشەممە 21ی ئەیلوول، کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی بەرپرسانی دەزگاکانی راگەیاندنی پێنج حیزبەکە لە دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.

هەر ئەمڕۆ ژمارەیەك چالاكڤان و هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان كە زۆرینەیان بە نوێنەرایەتی سەرجەم چین و توێژەكان لە هەڵەبجە (پایتەختی ئاشتی) هاتوون، لە بەردەم هۆڵی سەعد عەبدوڵڵای شاری هەولێر گردبوونەوە و داوای سازانیان لە لایەنەكان كرد. فوئاد حوسێنیش لە كۆنگرەكەدا گوتی پەیامی خەڵکی هەڵەبجە گەیشتە دەستی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان.














رووداو
Top