مەهدی مەحموود: كۆبوونەوەكەی 19ی ئابی پەرلەمان ڕەوشەكەی وەها تێك دا هێشتایش وەک خۆی لێ نەهاتووەتەوە
(مەهدی مەحموود) بەرپرسی مەڵبەندی پێنجی هەڵەبجەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دەبێ بە هەموو هێزمان ئەم سازانە دروست بكەین و ئەم قسە زبر و توندانەی لە هەرلایەنێكەوە دەكرێت بەرانبەر بە هەرلایەنێكی تر هیچ خزمەتیك بە دروستبوونی سازان و ڕەوشەكە ناكات لەمەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم. لە ئەسڵدا كۆبوونەوەی حزبەكان و پەرلەمان هیچ دژایەتیەكیان نیەو تەواوكەری یەكترن و خۆزگە بابەتەكە ئەوەنە ئالۆز نەكراباو لە پەرلەمان بابەتەكە بەبێ كیشە یەكلایی بووبایەتەوە و پێویستی بە دانیشتنی لایەنەكان نەكردبا."
گوتیشی: "ئێستا سازانی لایەنەكان ڕێگایەكی گونجاوە و دەبێ هەربەسازان ئەم پرسە چارە بكرێت. بەڵام كە پرسەكە كەوتە بابەتی زۆرینەو كەمینە زۆر ئاڵۆز و نائاسایی دەبێ و ئەم پرسە بە زۆرینە و كەمینە تێناپەرێندرێت، ناكرێ نێوەی پەرلەمان دژی بێت و ناكرێ بەم زۆرینە كەمە دڵ بە تێپەراندنی پرسێكی وا خۆشبكرێت.ئەم پرسە پرسێكی گەورەیەو دەبێ سەرجەم حزبەكان كۆك بن و، بسازێن و بریاری هاوبەشی لەسەر بدەن و پەرلەمان و حزبەكان تەواكەری یەكتربن. دەبێ بە قسەی نەرم و گوێ لەیەكتر گرتن و هەرحزبەو لە بەشی خۆی سازان بكات و بەشێك لە داواكانی بێنێتە خوارەوە بۆ ئەوەی سازان دروست بێت."
بەرپرسی مەڵبەندی پێنج (هەڵەبجە)ی یەكگرتوو ئاماژەیشی دا كە: " لە شەوی 19ی ئابدا ئەمە یەكەمجار بوو سەرۆكی حزبەكان و وەفدی حزبەكان تا بەرەبەیا دابنیشن، بۆ ئەوەش دانیشتن كە ئەم كۆبوونەوەیەی 19ی ئابی پەرلەمان دوا بخەن و، ئەوە بوو سەرجەم لایەنەكان بەیانی زوو بڕیاریان دا كە كۆبوونەوەكە بخەنە 23ی ئاب، بەڵام دووای كە پەرلەمان كۆبوویەوە زیاد بوو، چونكە ئەم ئەندام پەرلەمانانە لەلایەن حزبەكانیانەوە سەرپەرشتی دەكرین و ئاراستە دەكرین كەچی ئەوان دەڵین ئیمە پابەند نین بە بڕیارەكەی حزبەكانمان."
گوتیشی: "خۆ ئێمە هەر لە زاری ئەندامپەرلەمانەكانەوە گوێمان لێ بوو كە كات دەدەن بە حزبەكان بۆ ئەوەی بسازێن، کەچی ئەوان لە پەرلەماندا هەر كاری خۆیان دەكەن، بۆیە پێچەوانەییەك هەبوو لەنێوان كۆبوونەوەی 19ی ئابی پەرلەمان و كۆبوونەوەی شەوەكەی حزبەكان. دەبوو پەرلەمانیش بە گوێرەی كۆبوونەوەی حزبەكانی كردبا چونكە هەموو خەڵك چاوەڕوانی ئەم كۆبوونەوەیە بوو. بەڵام كۆبوونەوەكەی 19ی ئابی پەرلەمان ڕەوشەكەی تێك دا و تائێستاش ئاسایی نەبووەتەوە."
