فەرەنسا بایی 25ملیۆن دۆلار كۆمه‌كی ئاوارەکانی نیشتەجێی هه‌رێم ده‌كات
نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر له دیوانی پارێزگادا پێشوازی كرد له (ئالان گیپغات) سەركونسوڵی فه‌ره‌نسا له هه‌ولێر و (دومینیك ماس) به‌رپرسی یارمه‌تییه مرۆییه‌كانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا و (ئه‌لیكسانده‌ر بێكی) جێگری كونسوڵی فەرەنسا بۆ كاروباری سیاسی.
له دیداره‌كه‌دا وێڕای به‌خێرهاتن و ئاشناكردنی میوانان به ڕه‌وشی هه‌رێمی كوردستان و، پێشوه‌چوونه‌كانی ڕه‌وشی ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌شه‌پێدان و سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به پشتیوانیی هاوپه‌یمانان به‌سه‌ر داعشدا، پارێزگاری هه‌ولێر ستایشی کۆمەک و پشتیوانییە سیاسی و هاوكارییه‌كانی فەره‌نسا و پێشوه‌چوونی په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تی و هاریكاری هه‌ردوو لای كرد؛ به‌تایبه‌تیش ڕۆلی كونسوڵگه‌رێتی فەره‌نسای به‌رز نرخاند له پێشوه‌چوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه له تێكڕای بواره‌كاندا .
به تایبه‌تیش باس له ڕه‌وشی ئاواره و په‌نابه‌ران كرا و شاندی فەره‌نسا ستایشی ڕۆڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌خۆگرتنی ئه‌و ژماره زۆره‌ی ئاواره و په‌نابه‌ران و كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان كرد، كه سه‌ره‌ڕای ئه‌و بار‌و دۆخه دژواره‌و شه‌ری داعش و قه‌یرانی دارایی كاروخزمه‌ته‌كان هه‌ر به‌رده‌وامن و، هه‌رێم نموونه‌یه‌كی كه‌م وێنه‌ی له دیموكراسی و ته‌بایی و لێبورده‌یی پیشانداوه كه جێگه‌ی ڕێز و پێ‌زانین بێت .
بۆ پشتیوانیكردنی بواری فریاگوزاری مرۆییش حكوومه‌تی فەره‌نسا بڕیاری داوه بڕی 25ملیۆن دۆلار كۆمه‌ك و هاوكاری بنێرێت بۆ ئاواره و په‌نابه‌رانی نیشتەجێی هه‌رێمی كوردستان، بۆ نیشته‌جێكردن و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده و خوێندن.
