سەرۆکایەتیی حکوومەت بڕیارێکی نوێ بۆ فەرمانبەران دەردەکات
بەپێی نووسراوی ژمارە 7050ی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کە لە ٢ی ئەیلوولی 2015 بە ئیمزای نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەرچووە و کۆپیەکی نووسراوەکەش ، ئەوە خراوەتە روو کە بۆ بەخشینی مۆڵەی بێ مووچە بە فەرمانبەرانبەران، چەند روونکردنەوەیەک دەدەن.
بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بەخشینی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران، بۆ پێنج ساڵ، مەرج نییە ھەموو فەرمانبەرێک بگرێتەوە کە داوای ئەو مۆڵەتە دەکا، بەڵکو پێدانی ئەو مۆڵەتە دەگەرێتەوە بۆ تەقدیری وەزیرەکان و سەرۆکی فەرمانگە نەبەستراوەکانی سەر بە وەزارەت.
بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەگەر فەرمانبەرێک داوای کرد مۆڵەتەکەی پێ بدرێت، بەڵام فەرمانبەرەکە پێویست بێت و لێھاتوویی تێدا بێت، ئەوە مۆڵەتەکەی پێ نادرێت.
لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیراندا جەخت کراوەتەوە، دەسەڵاتی مۆڵەتی پێنج ساڵی تەنھا لە دەسەڵاتی وەزیر و سەرۆکی دەستەکانە و وەزیر و سەرۆکی دەستەکان ناتوانن ئەو دەسەڵاتە بە کەسانی تر بدەن.
ھەروەھا ئەوەش لە ناوەڕۆکی نووسراوەکەدا ھاتووە، ئەو کەسانەی لە کاتی دامەزراندنیاندا بەڵێنیان داوە کە داوای مۆڵەتی بێ مووچە نەکەن بۆ ماوەیەک، ناتوانن داوای مۆڵەتی بێ مووچە بکەن تا کۆتاییھاتنی ماوەی بەڵێنەکانیان، چونکە لە کاتی دامەزراندنیاندا بۆ پێویستیی فەرمانگەکە دامەزرێندراون، نەک بۆ مۆڵەت وەرگرتن.
بە بڕیاری ژمارە 38، لە 5ی نیسانی 2015 ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، دەسەڵات بە وەزیر و سەرۆکی دەستەکان درا بۆ بەخشینی مۆڵەتی بێ مووچە بۆ فەرمانبەران، بۆ ماوەیەک لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت و ئەم مۆڵەتە شایەنی نوێکردنەوەیە تاکو ھەمان ماوە.
ماوەی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران بە خزمەت ئەژمار دەکرێت، تەنھا بۆ مەبەستەکانی خانەنشینی.
خاوەن پلە تایبەتەکان و پێشمەرگە و ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و مامۆستایان و پزیشک و دەرمانسازانی لێ بەدەر کراوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری لە 3ـی 5ـی 2015 رێنمایی پێویستی بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەرکردووە.
ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان راگەیاند، بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت ئەوەی دووپات کردووەتەوە، مۆڵەتی بێ مووچەی پێنج ساڵی ھەموو فەرمانبەرێک ناگرێتەوە، گوتی: ھەندێک فەرمانبەر ھەیە لە فەرمانگەکان پێویستن و ناکرێت دەستبەرداریان بین، بۆیە مۆڵەتەکە بۆ ئەوە نییە ھەر کەس داوای کرد و مۆڵەتەکەی پێ بدرێت.
ئامانج ڕەحیم گوتیشی: مۆڵەتی بێ مووچەی پێنج ساڵی بە شێوەیەکە واجب نییە بدرێتە ھەموو کەسێک، بەڵکو دەوەستێتە سەر تەقدیری فەرمانگەکان.
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە چەند ساڵی رابردوودا، چەندین فەرمانبەر دامەزرێندران کە بەڵێننامەنیان پڕکردووەتەوە داوای مۆڵەت نەکەن.
باسنیوز
