وه‌زیری کار: راھێنه‌ر و پسپۆڕانی بیانی ده‌ھێنینه کوردستان بۆ مه‌شق و راھێنانی ئۆتیزم
له سه‌ره‌تای کردنه‌وه‌ی خوله‌که‌ش "محه‌ممه‌د ھاودیانی" وه‌زیری کار و کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی سوپاسی سه‌نته‌ری ماڵی به‌خشینی کرد بۆ ئه‌نجامدان و سه‌رپه‌رشتیکردنی ئه‌م خوله بۆ مه‌شق و راھێنان به فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی کار و کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی و رایگه‌یاند: ھه‌نگاوه‌کانی وه‌زاره‌تی کار به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر مه‌شق و راھێنان به فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌ت بۆ ئه‌وه‌ی پسپۆڕی و راھێنه‌ریان له بواره‌کانی خۆیان لێ ده‌رچێت.
وه‌زیری کار و کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی راشیگه‌یاند: یه‌کێک له گرنگترین کاره‌کانی وه‌زاره‌ت گرنگیدانه به گه‌شه‌پێدانی کۆمه‌ڵایه‌تی و له‌م چوارچێوه‌یه‌ش توانا و ھه‌وڵه‌کانمان به‌گه‌ڕ ده‌خه‌ین بۆ زیاتر خزمه‌تکردنی ئه‌و چین و ھاوڵاتیانه‌ی ده‌یانگرێته‌وه.
وه‌زیری کار و کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: ئه‌گه‌ر پێشتر ئاوڕێکی ئه‌وتۆ له ئۆتیزم نه‌درابێته‌وه ئه‌وا ده‌بێت ئه‌مڕۆ ده‌ست پێبکه‌ینه‌وه و به‌رپرسیاریه‌تی یه‌که‌میش له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی کاره، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له ھه‌وڵی ھێنانی پسپۆڕان و راھێنه‌رانی بیانین بۆ ئه‌وه‌ی بیانھێنینه کوردستان و خولی مه‌شق و راھێنانیان پێبکه‌ینه‌وه تاکو کارمه‌ندانی خۆمان پسپۆڕیه‌تی له کاره‌کانیان وه‌ربگرن.
هاودیانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو که یه‌کێک له کاره‌کانی وه‌زاره‌تی کار و کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی کردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ره‌کانی ئۆتیزمه له سه‌نته‌ری قه‌زا و ناحیه‌کان.
خولی راھێنانی کارمه‌ندانی سه‌نته‌ره‌کانی حکومی بۆ چاره‌سه‌ری ئۆتیزم له پارێزگاکانی ھه‌ولێر، دھۆک، سلێمانی و گه‌رمیان به درووشمی رێگاکانی راھێنان و پێگه‌یاندنی منداڵانی ئۆتیزم له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری ماڵی به‌خشین بۆ چاره‌سه‌ر و راھێنانی نه‌خۆشیه‌کانی ئۆتیزم و که‌مئه‌ندامان له رۆژانی ١٤-٢٠ی ٩ی ٢٠١٥ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
