پێشمەرگە بۆ سەربەخۆیی كوردستان شەڕ دەكەن بۆیە ئیرادەیان بەهێزە

پێشمەرگە بۆ سەربەخۆیی كوردستان شەڕ دەكەن بۆیە ئیرادەیان بەهێزە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر جەمیس راسڵ پسپۆڕ لە ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ گوتى: جیهان هەڵنەوەشاوە و سەرجەم جیهان بە شێوەیەكی ڕێژەیی بە سەقامگیریی ماوەتەوە، بەڵام ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەموو هۆكارەكان لە پاشاگەردانیدایە، ئەكتەرە نادەوڵەتییەكانیش دووبارە سیاسەتی نێودەوڵەتی ڕێكناخەنەوە و نەبوونەتە هەڕەشەی ستراتیژی بۆ سیستەمی نێودەوڵەتی. ئاڕاستەی ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكان هێشتا هەر بە نزمی ماوەتەوە. وڵاتە گەشەكردووەكان هیچ نیشانەیەكی لەبەرچاوگرتنەوەی حیسابی بنەڕەتییان پیشان نەداوە كە بیركردنەوەی لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە داگیركردوون. چوون بەرەو جەنگ لەگەڵ یەكتر دادیان نادات. گوتنی ئەمە مانای ئەوە نییە كە سیستەمی نێودەوڵەتی بە باشی تەجهیز كراوە، یان تەنانەت دەتوانێت لەگەڵ توندوتیژی سیاسەتدا مامەڵە بكات لەو جۆرەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆكرانیا دەیبینین. نەتەوە یەكگرتووەكان هەرگیز وەك هێزی پۆلیسی نێودەوڵەتی دانەنراوە.


جەمیس راسڵ هەروەها گوتی: جەنگ دیاردەیەكی نوێ نییە و تایبەتمەندییەكی هەمیشەیی سیستەمی نێودەوڵەتییە. من ڕازی نیم بەو بیرۆكەیەی كە دەڵێت سیستەمی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی ڕیشەیی گۆڕاوە كە دەوڵەتان تیایدا دەیانەوێت زۆرترین دەسەڵات و نفوز بەسەر یەكدا بسەپێنن. جەنگی سووریا نموونەیەكی باشی جەنگێكی بەوەكالەتە بۆ دەسەڵاتی ناوچەیی كە عەرەبستانی سعودی و دەوڵەتانی كەنداو و ئێران ناكۆكییەكانیان بەكاردێنن بۆ ئامانجی بەرتەسكی خۆیان. هەموو جەنگەكان لەهەر فۆڕمێكدا بن، بە سادەیی توندوتیژیی سیاسییە لەلایەن ئەو ئەكتەرانەی كە ناتوانن ئامانجەكانیان بە ئاشتییانە بەدیبهێنن. داعش دەیەوێت ببێت بە دەوڵەت و ناوچە داگیر بكات، ئامانجگەلێك بە درێژایی تۆماری مێژوویی هەروا بووە. بەڵام داهاتووی سیستەمی نێودەوڵەتی ئەوەیە كە دەوڵەتە گەشەكردووەكان بە زۆری واز لە بیرۆكەی جەنگی سەرتاسەری بهێنن، -وەك جەنگی جیهانی دووەم-. لەجیاتی ئەوە، باوەشیان بە جەنگی سنوورداردا كردووە بۆ ئامانجی سنووردار.

شايانى باسه راسڵ هەروەها گوتی: سەركەوتنی هەر هێزێكی ڕێكخراوی سەربازی بە زۆری پشت دەبەستێت بەو پابەندی و ئامانجانەی كە هێزەكە بەكارهێنراوە بۆی. پێشمەرگەی كوردستان پێكەوە و بە یەك ئیرادە بۆ سەربەخۆییان شەڕ دەكەن، ئەمە وەك سوپای عێراق نیە كە دیدێكی سیاسی ڕاستەقینە نییە سوپاكە پێكەوە ببەستێتەوە.

لە كۆتایی قسەكانیدا جەمیس هەروەها گوتی: وڵاتە یەكگرتووەكان وەك هاوپەیمانێكی باش سەیری كورد دەكات. بەهای هاوبەشمان هەیە و هەردووكمان بەرژەوەندی بنەڕەتی هاوبەشمان لەوەدایە كە ناوچەكە بە ئارامی ببینین، كە خێزانەكان ئازاد بن لە گەورەكردنی منداڵەكانیان و شوێن گەشە و دەرفەت بە ئازادی بكەون. پێشبینی دەكەم كە كورد بەردەوام سەرنجی پاڵپشتی نێودەوڵەتی ڕاكێشن وەك سەنگەری ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی باوەشیان بە توندوتیژی و توندڕەوی نەكردووەتەوە.



بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1042)
Top