ڕوونكردنەوەیەك لە گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
بەداخەوە بەهۆی هەڵەی بەشی عەرەبی كاناڵی روسیا ئەلیوم، وەرگێڕانێكی نادروست بۆ برگەیەك لە وەڵامی سەرۆك بارزانی لەبارەی سەربەخۆیی كرا و وەك خۆی مامەڵەی لەگەڵ نەكرا و ئەوە خرایەڕوو كە گوایە سەرۆك بارزانی سەربەخۆیی بە بابەتێكی مەحاڵ دەزانێت.
لێرەدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە سەرتاپای ئەم خۆێندنەوەیە ناردروستە و، لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە چۆن لەسەر خاكی كوردستان دەرفەتەكان بپارێزرێن و كوردستان بەرەو پێشەوە بچێت و ئاستەنگەكانی بەردەم پێشكەوتن و دیدگای بەڕێزیان بۆ ئاییندە چییە، سەرۆك بارزانی بەمشێوەیە وەڵامی ڕووسیای 24ـی داوەتەوە كە: "ناتوانین كێشەكانی ناوچەكە نەبینین، دەبێ وێنەی هەموو ناوچەكە ببینن. بارودۆخی ئێمە كاریگەری لە دەرەوەش وەردەگرێ. تەحەدیات زۆرە و فورسەتیش زۆرن. داعش هەڕەشەیە بۆ هەمووان و گۆڕانكارییە ئیقلیمییەكان و دابەزینی نرخی نەوت ئەوانە تەحدیاتن. لەهەمان كاتیشدا سەلمێندرا كە ئێمە هەڕەشە نین بۆ هیچ كەس، فاكتەری ئاساییشی ناوچەكەین و لەڕووی ئابوورییەوە ڕۆڵ دەبینین. لەگەڵ عێراقدا زۆر هەوڵماندا ڕۆڵێكی سەرەكی ببینین و كێشەكان نەمێنن بەڵام كێشەكان وەك خۆیان مانەوە. لە ئەنجامدا وەك میللەت حەقی خۆمانە بەرەو سەربەخۆیی بچین، لەمە زیاتر تەحەمول ناكرێ بەڵام بە خۆشی و بە تەفاهوم".
وتەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر ڕوون و ئاشكران و بەهیچ شێوەیەك موستەحیلبوونی سەربەخۆیی لە قسەكانی سەرۆك بارزانیدا نەهاتووە. جێگەی ئاماژەكردنە كە لە دوای بەدواداچوون، بەشی عەرەبی كاناڵی روسیا الیوم پێداچوونەوەی بە هەواڵەكە كردووە و هەڵەكەی ڕاست كردووەتەوە و داوای لێبوردنیشی لە خوێنەر و بینەرانی كردووە.
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
13ـی 9ـی 2015
