مژدەیەک بۆ دەرچووانى پۆلى 12 ى ئامادەیى
لە بەیانامەیەکدا هاتووە:"بەئامانجى رەخساندنى دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچووانى پۆلى (12) ئامادەیى، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کەمترین کۆنمرەى وەرگرتنى لە پەیمانگە تایبەتەکان بە (٥٠%) دیاریکرد.".
لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم گوتەبێژی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى راگەیاند" وەک دەرفەتێک بۆ دەرچووانى پۆلى (12) ئامادەیى و تەواوکردنى قۆناخەکانى خوێندن، لەسەر راسپاردەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى، بەڕێوەبەرایەتى خوێندنى تایبەت لە دیوانى وەزارەتەکەمان، بەفرمانێک کە ئاراستەى (پەیمانگەى هەولێر بۆ نەوت) و ( پەیمانگەى تەکنیکى رەواندزى تایبەت)ى کردوە، تییدا هاتووە " بۆ چونە پێشبڕکێى وەرگرتن لە پەیمانگە تایبەتەکان کۆنمرەى (٥٠%) دیاریکراوە بۆ سەرجەم بەشەکان".
گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆتایى لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەم بڕیارە سەرجەم ئەو پەیمانگە تایبەتیانەش دەگرێتەوە، کە لە ئایندەدا بەشێوەیەکى فەرمى مۆڵەتى کارکردن لە وەزارەتەکەمان وەردەگرن.
