سەرۆكی شارەوانیی جەزیرە لە پۆستەكەی دوور خرایەوە
(لەیلا) ئەو كاتەی بە سەرۆكی شارەوانی هەڵبژێردرا وەكو گەنجترین سەرۆكی شارەوانی توركیا ناوزەد كرا، چونكە تەمەنی 27 ساڵ بوو و هیچ سەرۆك شارەوانییەكی توركیایش لەو تەمەنەدا نەیانتوانیبوو متمانەی دەنگدەرانیان بە دەست بهێنن.
لە 2 هەفتەی رابردوودا بارودۆخی "جەزیرە" بە تەواوەتی تێك چووبوو و خەڵك بە هیچ شێوەیەك نەیدەتوانی لە ماڵەكەی خۆیدا بێتەوە دەرەوە و هاتوچۆ قەدەخە كرابوو، چونكە شەڕی پەكەكە و دەوڵەت لە كۆڵانەكانی "جەزیرە"ـدا دەستی پێ كردبوو. ئەوكات (لەیلا) رەخنەی توندی لە توركیا گرت و ئاماژەی دا كە بە بیانووی ئەوەی پەكەكە لێرە هەیە، خەڵكی بێتاوان دەكوژن.
دوێنێ وەزیری ناوخۆی توركیا بە بڕیارێك (لەیلا)ـی لە پۆستەكەی دوور خستەوە و تاوەكو ئێستایش كەسی لە شوێنەكەی دانەناوە. ئەگەرچی (لەیلا) لەناو خەڵكەوە هەڵبژێدراوە و ناتوانن بە ئاسانی لە پۆستەكەی دووری بخەنەوە، بەڵام ئەگەر بە كاركردن لەگەڵ تیرۆردا تۆمەتبار بكرێت، دەتوانرێت لە پۆستەكەی دووری بخەنەوە. ئەمەیش لە دەستووری توركیادا جێگیر كراوە.
بە گوێرەی بڕیاری وەزیری ناوخۆی توركیایش، ئەو هانی پەكەكەی داوە بۆ شەڕ و هەروەها پڕوپاگەندە بۆ پەكەكە دەكات، بۆیە لە پۆستەكەی دوور دەخرێتەوە.
