"نابێ یەك قوتابی گوندەكانی بناری قەندیل لە خوێندن بێبەش بێت"

سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، "دڵنیایی دەدەم كە نابێ یەك قوتابی گوندەكانی بناری قەندیل لە خوێندن بێبەش بێت. گوتیشی دەبێ پەكەكە گوندەكانی قەندیل چۆڵ بكات با خەڵكی نەكوژرێ و لە خوێندن دانەبڕێ و زیان نەکات."

(ئیبراهیم ئەحمەد سمۆ) سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: "دڵنیایی دەدەم كە نابێ یەك قوتابی گوندەكانی بناری قەندیل لە خوێندن بێبەش بێت. ڕۆژی دووشەممە 14ی ئەیلوول، ئێمە وەكو لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبینەوە بۆ ئەوەی ئاماری دروست بەدەست بێنن كە ڕێژەی قوتابیانی ئاوارەی بناری قەندیل چەندە كە بە هۆی پێكدان و بۆردوومانی نێوان پەكەكە و حكوومەتی توركیا ناوچەكانیان جێ هێشتووە. دواتر لیژنەیەك پێك دەهێنین بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتەو چارەكردنی كێشەكان."

سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان گوتیشی"سەیری ئەو شوێنانە دەكەین كە خەڵكە ئاوارەكەی تێدا نیشتەجێیە ئەگەر لە نزیك شوێنەكە قوتابخانە هەبێت ئەوا بێگومان منداڵانی ئەم خێزانانە لەو قوتابخانانە درێژە بەخوێندن دەدەن، بەڵام ئەگەر زانیمان كە ڕێژەكەیان زۆرە و بەبێ قوتابخانەن ئەوا دەستبەجێ لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەدا هەماهەنگی دەكەین بۆ ئەوەی كابینە لەو شوێنانە دابین بكەین و، وەكو قوتابخانە سودی لێ وەربگیرێت و سەرجەم پێداویستیەكانیانی خوێندنیان بۆ دابین بكرێت. لەبەر ئەم قەیرانە داراییەی هەرێم و جگە لەم ئاوارانەی بناری قەندیل ڕێژەیەكی یەكجار زۆر ئاوارەی تر لە هەرێم هەن بۆیە حكوومەتی هەرێم پەنا بۆ دروستكردنی ئەم قوتابخانە كابینانە دەبات."

گوتیشی: "دەبێ پەكەكە گوند و ئاواییەكانی بناری قەندیل چۆڵ بكات بۆئەوەی خەڵكی لاشەڕ نەكوژرێ و لە خوێندن دانەبرێ و زیانی مادی پێ نەگات و، خەڵكی خۆمان ئاوارەی خۆمان نەبێت. كە ئەم داوایەشمان هاوشێوەی داوای حكوومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی هەرێمە كە داوایان كردووە پەكەكە بنكەو بارەگای خۆی بەدوور بگرێت لە دێهات و ئاواییەكان بۆ ئەوەی نەبنە ئەگەر و هۆكاری تێكدانی ناوچەكەو كوشتنی خەڵكی لاشەڕ."
Top