دهقی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی شەڕ و توندوتیژییەکانی ناوچەکانی جزیرێ و سلۆپی
دهقی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی شەڕ و توندوتیژییەکانی ناوچەکانی جزیرێ و سلۆپی
بەداخەوە بەهۆی پەرەسەندنی شەڕ و توندوتیژییەکانی نێوان پارتیی کرێکارانی کوردستان و سوپای تورکیا، نائارامی و شەڕ ناوچەکانی جزیرێ و سلۆپی و چەند شار و شارۆچکەیەکی تری گرتووهتەوە. ئەو ڕووداوانە جێی نیگەرانی و دڵتەنگیمانن. بەداخەوە ئەوەی کە ئێمە ترسمان لێی هەبوو کە شەڕ دەست پێبکاتەوە وا ڕوو دەدات. ئێمە لە سەرەتاوە ڕامانگەیاندووە کە شەڕ تەنیا دەبێتە هۆی خوێنڕژان و کارەساتی لێ دەکەوێتەوە و قوربانییەکان زیاتر دەبن و، ترسی گەورە ئەوەیە ئەم شەڕە بەرەو ئەوە بچێت لەسەر پێناسە کوشت و کوشتار ڕوو بدات کە ئەمە دەبێتە کارەساتێکی گەورە.
زۆر خەمبارین بۆ ئەو خوێنەی ڕژاوە و هاوخەمیی خۆمان بە کەسوکاری قوربانییەکان ڕادەگەیەنین. هیوادارین هەموو لایەنەکان قووڵتر بیر بکەنەوە و هەرچی زووتر بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن و پرۆسەی ئاشتی دەست پێبکاتەوە. درێژەکێشانی شەڕ دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و جگە لە زیاترکردنی ژمارەی قوربانییەکان و کاولکاری، هیچ چارەسەرێکی پێ نییە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
11ـی 9ـی2015
