کچانی ئێزدی چەک ھەڵدەگرن

کچانی ئێزدی چەک ھەڵدەگرن
هێزێكی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان بە ناوی پێشمەرگەی کچانی ڕۆژ بۆ پاراستن و ئازادکردنی خاکی ئێزدییان دامەزراوە و چه‌كیان له‌شانكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی تیرۆریستانی داعش ببنه‌وه‌.

لەوەتی داعش هەندێ ناوچەی ئێزدینشینی داگیر کردووە، ئێزدییەکان بە ھەموو شێوەیەک بیریان لەوە کردەوە کە ھێزێکی تایبەتیان ھەبێت تاکۆ خۆیان بپارێزن؛ ھەندێ گەنجی ئێزدی ڕوویان لە یەپەگە کردووە و، ھەندێکیان ھێزی پاراستنی شنگالیان دروست کردووە؛ وا ئێستا لە سەر داوی کچانی ئێزدی بۆ پاراستنی ناوچەکەیان فەوجێک لە کچانی ئێزدی بە ناوی "پێشمەرگەی ڕۆژ" بۆ شنگال و ناوچەکەیان دروست کراوە؛ هەتا ئێستا زیاتر لە ١٣ھەزار کچ و کوڕی ئێزدی پەیوەندییان بە وەزارەتی پێشمەرگەوە کردووە هەتا ببنە پێشمەرگە و، پێنجهەزار کەسیان لێ کراونەتە پێشمەرگە.
ھێزی پێشمەرگەی کچانی ڕۆژ، ٤٢٠ کەسی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستانن؛ لە ئێستاوە چاوەڕێی ڕاهێنانی تایبەتن بۆ ئەوەی بتوانن بچنە شەڕی ئازادکردنەوەی شنگال.
بەرپرسی پێشمەرگەی کچانی ڕۆژی ئێزدی، خاتێ عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە سێیەم ڕۆژی مانگی ئابدا کارەساتێکی گەورە بە سەر ئێزدییەکاندا ھات و، بوو بە ٧٤ـەمین فەرمانی قڕکردنی ئێزدیان؛ ئێمە ھەر لەو کاتەوە بیرمان لەوە کردەوە کە دەبێ خۆمان بە دەست و چەکی خۆمان ناوچەکەمان بپارێزین. ئێمە دیتمان کە کچ و ژن و منداڵانمان چۆن لەبەر چاومان کوژران و ڕفێنران و ئێمە ھیچ ھێزێکمان نەبوو کە بتوانین خۆمان بپارێزین؛ ئەوە بوو بیرمان لەوە کردەوە ھێزی تایبەت بە خۆمانمان ھەبێت، هەتا بتوانین شەرەف و خاکی خۆمان بپارێزین؛ جا لەو کارەدا ژن و پیاوی نییە، کە ئەم دەرفەتە ھاتووەتە پێشەوە، ئێمە بە ھەموو ھێزی خۆمانەوە، ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکەین".
خاتێ عەلی هەروەها گوتی: "ئێمە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستانین و، ھەموومان زۆر ھەوڵمان دا هەتا دەنگی خۆمان بگەیێنینە ھەرێمی کوردستان، چۆنکە عێراق ئێمەی نەپاراست و، ژنیش لە عێراق ھیچ مافێکی نییە؛ وا لە شنگالدا داعش بازرگانی بە شەرەفی ئێمەوە دەکا، کەوابێ ئێمە بە بەردیش بووبێ شەڕی خۆمان هەر دەکەین و، خۆمان فێری پاراستن و بەرگری دەکەین؛ ناوی ھێزەکەمان، پێشمەرگەی کچانی ڕۆژە؛ وەکو ڕۆژ ناوچە تاریکداگەڕاوەکانی ئێزدییەکان ڕووناک دەکەین".
ئەو فەرماندەیە دەڵێت: "زیاتر لە ١٣ھەزار ئێزدی پەیوەندییان بە وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستانەوە کردووە بۆ ئەوەی ببنە پێشمەرگە، بەڵام هەتا ئێستا ٥٢٠٠ کەسیان لێ وەرگیراوە؛ا ئەوە ماوەی چەند مانگێکە ئەو فەوجەی کچانی ڕۆژیش لە وەزارەت وەرگیراوە کە ٤٢٠ کەسن و، گەورەترین فەوجی 'کچانە'ی عێراقە".
خاتێ لە میانەی قسەکانیدا باسی کرد کە ھەندێ کچی ئێزدی کە لە دەست چەکدارانی داعش ڕزگار بوونە، دەڵێن ئەگەر ئێمە تۆزێ شەڕمان بزانیبایە دەمانتوانی لە خۆمان بەرگری بکەین؛ دیارە تا ئێستا ئەو کچە ئێزدیانەی لە دەست داعش ڕزگاریان بووە، چل کەسیان چەکیان هەڵگرتووە و، هاتوونەتە ناو ھێزی کچانی ڕۆژ. داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان دەکەن ڕاهێنانی تایبەتیان پێ بکرێت هەتا لە ماوەیەکی نزیکدا تۆڵەی خۆیان بکەنەوە.
خاتێ ئاخرقسە گوتی: "لەو سەرەتاوە باوەڕمان نەدەکرد ئەوەندە پێشوازیمان لێ بکرێـت، بەڵام دڵی ئیزدییەکان ئەوەندە پڕە کە زیاتر لە فەوجێک پەیوەندییان پێمانەوە کردووە؛ خێزان ھەیە دوو سێ کەس زیاتریشیان هاتوونە بوونەتە پێشمەرگە".
نیفا مراد پێشمەرگەی ھێزی پێشمەرگەی ڕۆژ، کە داعش چەند کەس لە خزمەکانیانی بە دیل بردووە، دەڵێت: "لە داخی ئەو تیرۆریستانە دڵم پڕە لە خەم و خەفەت؛ ھەموو ھیوای من ئەوە بوو کە ڕۆژێک چەک ھەڵگرم و تۆڵەی خوشکانی خۆم بکەمەوە؛ وا زێدەکەمان داگیر کراوە و، چەند خزموکەسێکیشمان بێسەروشوێنن. ئێمە خۆمان فێری شەڕ دەکەین هەتا فەرمانی قڕکردنی ئێزدیان ڕاگرین".
Top