ئاڕاستەی سێیەم: گۆڕان نابێ خۆی لە بەرپرسارەتییەکان بدزێتەوە
(باپیر كامەلا) سەرۆكی فڕاكسیۆنی ئاڕاستەی سێیەم لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە لەگەڵ كۆبوونەوەی پێنجقۆڵیدا نەبووین، بەڵام ئەگەر دەتوانن ئەو كێشەیە چارە بكەن، ئاساییە با بیكەن و بگەنە رێككەوتن".
(كامەلا) گوتیشی: "ئەوانەی باس لەوە دەكەن كە ئەوان حیزبی سەرەكین و ئەوانەی دیكە بچووكن، بە چی سەرەكین؟ لە كاتێكدا كە دەسەڵاتیان هەیە و پشتیان بە وڵاتانی دیكە بەستووە و ئەوانەی دیكەن پشتیان بە خۆیان بەستووە، ئەی بۆ ناتوانن بگەنە رێككەوتن؟".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی ئاڕاستەی سێیەم دەشڵێت، گۆڕان بەشێك بووە لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بۆیە هەر شتێك لەو هەرێمە ڕووی دابێت، ئەوانیش بەشدار بوونە لەو واقیعە سیاسییەكەدا كە هەیە و پێویستە ئەوانیش بەشێك لەو بەرپرسیارەتییە لە ئەستۆ بگرن".
سەبارەت بە خۆدزینەوەی گۆڕان لە كێشەكانیش، دەڵێت كە، ئەوەی مێژوو وەكو خۆی بخوێنێتەوە، لەوە تێدەگات كە ئەوانەی ئێستا رێبەرایەتیی گۆڕان دەكەن، پێشتر بەشێك بوون لە رێبەرایەتیكردنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان.
