په‌یمانگای ئه‌مریكا بۆ ئاشتی: له‌ هه‌رێم كارێكی مەزن و مرۆڤدۆستانه‌ی وا ئەنجام دراوه‌ لە جیهاندا وێنەی كەمە

په‌یمانگای ئه‌مریكا بۆ ئاشتی: له‌ هه‌رێم كارێكی مەزن و مرۆڤدۆستانه‌ی وا ئەنجام دراوه‌ لە جیهاندا وێنەی كەمە
(سه‌رۆك بارزانی) پێشوازی له‌ سه‌رۆكی په‌یمانگای ئه‌مه‌ریكا بۆ ئاشتی خاتوو (نانسی لیندبورگ) كرد و له‌ دیداره‌كه‌دا خاتوو (نانسی) سەرسامیی خۆی بە ئاشتیخوازیی گەلی كوردستان و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان نیشان دا و سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە ژمارەیەكی یەكجار زۆری پەنابەری حەواندووەتەوە و كارێكی مەزن و مرۆڤدۆستانە ئەنجام دراوە كە لە جیهاندا وێنەی كەمە.

ڕۆژی چوارشەممە 9ـی 9ـی 2015 لە سەلاحەدین (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو نانسی لیندبورگ سەرۆكی پەیمانگای ئەمەریكی بۆ ئاشتی و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆكی پەیمانگای ئەمەریكی بۆ ئاشتی سوپاسی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و هەورەها سەرسامیی خۆی بە ئاشتیخوازیی گەلی كوردستان و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان نیشان دا و سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە ژمارەیەكی یەكجار زۆری پەنابەری حەواندووەتەوە و كارێكی مەزن و مرۆڤدۆستانە ئەنجام دراوە كە لە جیهاندا وێنەی كەمە و پێزانینیشیان بۆ ئاسانكاری و هەماهەنگی دامودەزگەی حكوومەتی هەرێم لە ڕاپەڕاندنی كارەكانی پەیمانگەكەیان. هەروەها لە گوتەیەكدا باسی لە ئەرك و كار و ئامانجەكانی پەیمانگای ئاشتی كرد و كورتەیەكیشی لەبارەی چالاكییەكانیان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ (سەرۆك بارزانی) خستەڕوو. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە دا سەرۆك و ئەندامانی شاندەكە لەبارەی تیرۆر و پرسی ئاوارەكان و ئاییندەی ناوچەكە كۆمەڵێك پرسیاریان ئاراستەی (سەرۆك بارزانی) كرد.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن و لە گوتەیەكدا باسی لە دەركەوتنی تیرۆر لە عێراق و پەلاماردانیان بۆ كوردستان و بەرخودان و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگە و هەروەها پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوای كرد و جەختی لەوە كردەوە كە داعش ڕێكخراوێكە كە ئیمكانیاتی دەوڵەتی لەبەر دەستە و شێوازی نوێی تیرۆری بەكار هێناوە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە تیرۆرەش تەنیا بە ڕێكاری سەربازی نابێت و پێویستە لەبواری فكری و ئابووری و كۆمەڵایەتیش شەڕی تیرۆر و توندڕۆیی بكرێت و ئەوەیشی ڕاگەیاند كە لە ناوچەكەدا هەمیشە زەمینە بۆ دەركەوتنی توندڕۆیی لە ئارا دایە. پەیوەست بە ئاوارەكان و پێكهاتەكانی عێراقیش (سەرۆك بارزانی) ئەوەی خستەڕوو كە مانەوەی پێكهاتەكان لە شوێنی خۆیان بابەتێكی گرانبەهایە و پێویستە لەدوای داعش هەموو ڕێگەیەك بگیرێتە بەر كە ئاوارە و پێكهاتەكان بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان و ڕێوشوێنی وا بگیرێتە بەر كە دڵنیایی تەواویان لەبارەی دواڕۆژەكەیان بدرێتێ و بیر لە كۆچكردن نەكەنەوە. لەبارەی قەیرانی ئاوارە و پەنابەرەكانیش (سەرۆك بارزانی) ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە قەیرانێكی مرۆیی گەورە ناوچەكەی گرتووەتەوە كە لە ئەنجامی قەیرانی ئەمنی و سیاسی و هەڕەشەی تیرۆر هاتووەتە كایەوە و پێویستە كار بۆ نەهێشتنی هۆكارەكانی قەیرانەكە بكرێت.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باسی ململانێی تاییفی لە ناوچەكە و ئاییندەی عێراق و گرژی و ئاڵۆزییەكانی توركیا كرا.
Top