دیندار زێباری: حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەزاران کوردی ئێزیدی رزگار کردووە
لە میانەی کۆبوونەوەکانی خولی نۆیەمی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مرۆڤ لە بێ سەروشوێنکردنی زۆرەمڵی کە لە جنێڤ ساز دەکرێ، د. دیندار زێباری جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە رزگار کردنی ھەزاران کوردی ئێزیدی لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە بە نیشانەی پابەندبوونی ھەرێمی بە رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دانا.
لە کۆبوونەوەکەدا د. دیندار زێباری جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە وتاری حکومەتی ھەرێمی کوردستانی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر ئەو نەھامەتیانەی کە رووبەرووی گەلی کورد بوونەتەوە و وتی: گەلی کورد بە درێژایی مێژوو رووبەرووی گەورەترین و مەترسیدارترین ھێرشی کۆمەڵکوژی بووتەوە لەسەر دەستی رژێمە یەک لە دوایەکەکانی عێراق تا رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، یەکێک لەو تاوانانەی کە دژ بە کورد پەیڕەو کرا بریتی بوو لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و تێیدا بە ھەزاران کەس لە عێراق بوونە قوربانی کە بەشی ھەرەزۆریان لە کوردستان بوون.
لە درێژەی وتارەکەیدا سەرۆکی شاندی کوردستان رایگەیاند: بۆ ھەموو لایەک ئاشکرایە کە گەلی کوردستان بە گشت پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانییەوە گەورەترین قوربانی تاوانی بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ بوون بە درێژایی مێژووی عێراق ئەمەش خۆی لە و بێسەروشوێنکردنی کوردە فەیلییەکان لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠-١٩٩٠و پرۆسەی بەدناوی ئەنفالکردنی ھەشت ھەزار بارزانی و ١٨٢٠٠٠ کوردی بادینان و گەرمیان، ئەم تاوانانە دژ بە گەلی کوردستان بە کۆتایی ھاتنی رژێمی بەعس کۆتاییان نەھات، بەڵکو تا ئێستاش بەردەوامە دوای ئەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە ھەزاران ھاووڵاتی کوردی ئێزیدی بێسەروشوێن کرد کە تا ئێستاش چارەنووسی زۆریان دیار نییە.
سەرۆکی شاندی کوردستان ئەوەشی روونکردەوە کە بە ھۆی گەورەیی ئەم تاوانە کە دەرھەق بە کورد ئەنجامدراوە ئێمە زیاتر ھەست بە دڕندەیی و گەورەیی ئەم تاوانە دەکەین کە ئاسەوارەکانی بەسەر کەسوکاری قوربانیانییەوە دیارە و بۆ چەند ساڵی دیکەش بەردەوام دەبێت، چونکە تا ئێستاش چارەنووسی بە دەیان ھەزار کەس نادیارە بۆیە پێویستی بە چارەسەر و کار کردنی بەردەوام ھەیە بۆ مسۆگەرکردنی دووبارە نەبوونەوەی ئەم تاوانە لە داھاتوودا.
جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پابەندبوونی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە بە گشت ئەو رێکەوتننامانەی کە لەم بارەیەوە دەرچوون، ھەروەھا داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە ھەوڵی تۆمار کردنی ئەم تاوانە بدەن و لەم بارەویەوە وتی: دیارە تا ئێستا ئەو تاوانانەی کە دەرھەق بە گەلی کورد ئەنجامدراون وەکو پێویستە تۆمار نەکراون لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاتێکدا ئەمە زۆر پێویستە بۆ ئەوەی مافی کەسوکاری قوربانیان پارێزراو بێت، ئێمە لە حکومەتی ھەرێمی چەندین جار داوامان لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە کە پێویستە ئەو تاوانانە بە دیکیۆمێنت بکرێن لەوانەش تاوانی بێسەروشوێن کردن کە ئاسەوارەکانی تا ئێستاش بەردەوامە، ھیوادارم لەو بارەیەوە بە رۆڵی خۆی ھەستێت و شاندی تایبەتی خۆی بۆ ئەم مەبەستە بنێرێتە کوردستان بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو تاوانانە بن و چاویان بە کەسوکاری قوربانیانی گشت ئەو تاوانانە بکەوێت کە لەسەدەی رابردوو لەسەر دەستی رژێمە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق روویانداوە تا دەگاتە تاوانی بێسەروشوێن کردنی کوردانی ئێزیدی لەسەر دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
لەلایەکی دیکەوە لیژنەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مرۆڤ لە بێ سەروشوێنکردنی زۆرەمڵی چەند پرسیارێکی ئاراستەی شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەربارەی چەند تۆمەتێک کە ئاراستەی ھەرێم کراون و پەیوەندییان بە بێسەروشوێنکردنی زۆرملێوە ھەیە، لەوانە رەفتاری ھەندێک لە چەنکدارەکانی سەر بە کەمایەتییەکان و زیندانی نھێنی، شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەڵامی پرسیارانەکانی دایەوە و راستییەکانی بۆ لیژنەکە روونکردەوە، لە بارەی ھەبوونی میلیشیای سەربازی لە دەرەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان وتی: ھەموو یەکە سەربازییەکان و ھێزەکانی بەرگری لە کوردستان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن کە ئەم وەزارەتەش بەپێی یاسا دامەزراوە لە یەکەمین کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ لە ڕێگەی ھەڵبژاردنێکی دیموکراسی. گشت پێکھات ئایینی و نەتەوەییەکان لە رێزەکانی پێشمەرگەدا ھەن و ھیچ جۆرە جیاوازییەکیش لەسەر بنەمای ئایین یان نەتەوە و نەژاد لە ریزی ھێزەکانی پێشمەرگە بوونی نییە و بە ھیچ شێوەیەک رێگای پێنادرێ. ئەرکەکانی پێشمەرگە ئێستا بریتین لە بەرگریکردن و پاراستنی ھەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی ھاوکاری بۆ ھیزەکانی عێڕاق دژ بە ھەر چالاکییەکی تیرۆریستان.
بوونی ھێزی پێشمەرگە بەشێویەکی یاساییە بەپێی بڕگەی (٥) لە ماددەی (١٢١) ی دەستوری عێڕاقی فیدڕاڵی ساڵی ٢٠٠٥ کە ئەرکەکەی بریتییە لە پاراستن وبەرگریکردن لە ھەرێمی کوردستان، لەم بڕگە دەستوورییەدا ھاتووە: حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی درووستکردنی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ وەک پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی ھەرێم.
ئەوەی لە بارەی بوونی میلیشیای چەکداری ئێزیدیش دەگوترێت دوورە لە راستی، چونکە ئێزیدیەکان تەنھا فەوجێکی ھەیە لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگەیە و گشت کار و جوڵانەوەکانی بەپێی فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەیە و ئێستا بەرگری لە خانەوادە ئێزیدییەکان دەکات کە پێشتر لە چیای شنگال گەمارۆ درابوون، ھەندێکی دیکەشیان لە سەنتەری شاری شنگال لە شەڕدان دژی داعش و جگە لەم ھێزە فەرمییەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ئێزیدییەکان ھیچ ھێزێکی دیکەی سەربازییان نییە ئەگەر ھەر رووداوێکیش لەلایەن ئێزیدییەکان روویدا بێت ئەوا بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو نەبووە بەڵکو رەفتاری تاکە کەسی بووە.
لە وەڵامی پرسیاری تایبەت بە بوونی زیندانی نھێنی لە کوردستان سەرۆکی شاندی ھەرێم وتی: حکومەتی ھەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە ھیچ زیندان و گرتووخانەیەکی نھێنی نییە و ھەرکەسێک دەستگیر بکرێ بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و دوای ئەوەی راگیراو حوکمی لە دادگاوە بۆ دەرەدچێت رەوانەی دامودەزگاکانی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێ بۆ سەپاندنی سزاکەی بەپێی رێوشوێنە کارپێکراوەکان.
سەرۆکی شاندی کوردستان ئەوەشی روونکردەوە کە لە ھەرێمی کوردستان یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٠٦ دەرچووە کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەڵام ئەوانەی کە بە تۆمەتی تیرۆریش دەستگیر دەکرێن رێگا نادرێ کە مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا بکرێ و بەپێی یاسای مافیان ھەیە، بۆ نموونە لەمانگی ٦/ی ٢٠١٤ ەوە (٣٢٢) کەس دەستگیرکراون بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە، لەو (٣٢٢) کەسە (٨٣) یان ئازادکراون و (٢٣٩) کەس ماونەتەوەو لە ژێر لێکۆڵینەوەدان و بۆیان ھەیە پارێزەر بگرن و کەس و کاریشیان دەیانبینن.
تا ئێستا بە دەیان رێکخراوی ناوخۆیی و دەرەکی سەردانی گشت بنکەکانی چاکسازی و راگرتن و گواستنەوەیان کردووە بۆ زیاتر ئاگادار بوون لە رەوشی گیراوان.
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی شاندی کوردستان تیشکی خستە سەر پابەندبوونی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و لەم بارەیەوە وتی: حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵێکی زۆری داوە و بەردەوامیشە بۆ رزگارکردنی ئەو کوردە ئێزیدییانەی کە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە رفێندراون و ژمارەیان ٥٨٣٨ کەسە کە ٣١٩٢ یان ئافرەت و ٢٦٤٦ یان پیاو بوون و تاکو رێکەوتی ١٦/٨/٢٠١٥ توانراوە ٢٠٨٠ یان رزگار بکرێن لەوانە ٧٨٥ ژن و ٣٠٢ پیاو و ٤٨٣ منداڵی مێ و ٥١٠ منداڵی نێر و پێداویستی ماددی و مەعنەوی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بۆ دابین کردوون.
شایەنی باسە کۆبوونەوەکانی خولی نۆیەمی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مرۆڤ لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەمڵی لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان تا رۆژی ١٨/٩/٢٠١٥ بەردەوام دەبێـت.
