داوا دەکرێت كەرەستەی دژە چەكی كیمیاوی بۆ پێشمەرگە دابین بكرێت
ئەشواق جاف پەرلەمانتاری عێراق لەلیژنەی مافی مرۆڤ لەفراکسۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ سێشەممە شاندێکی ھاوبەشی وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسنوری شارۆچکەی شەنگال دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەو چەکانە کردووە کە پێشبینی دەکرێ گازی خەردەل بێت لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی داعش لەچەند میحوەرێکی جیاواز لەدژی ھێزی پێشمەرگە لەماوەی رابردوودا بەکار ھاتووە.
ئەشواق جاف ھەروەھا دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی کاتەکەی درەنگ وەختە، بەڵام داوا دەکەم لەوڵاتانی ناو ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە جیھانیەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و نەھێشتنی چەکی قەدەغەکراو لەجیھاندا ھەلوێستێکی روونیان ھەبێت و سەرکۆنەی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەدژی ھێزی پێشمەرگە بکەن لەلایەن چەکدارانی داعشەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ھەروەھا گوتی، داواش لەرێکخراوە جیھانیەکان و وڵاتانی ناو ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەشەڕی دژ بە داعش لەپاڵ مەشق پێکردن و پڕ چەککردنی ھێزی پێشمەرگە، کار بۆ دابین کردنی کەرەستەکانی خۆپارێزی لەھەر چەکێکی کیمیایی بکەن بۆ ھێزی پێشمەرگە، ھاوکات پێویستیشە لەوە بکۆڵنەوە سەرچاوەی دەستکەوتنی ئەو چەکە قەدەغەکراوانە لەلایەن رێکخراوی داعشەوە لەکوێیەوەیە.
