سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەكات
ئەمڕۆ شەممە 5ـی 9ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جان كۆبیس نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لەم دیدارەدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەکە و و پوختەیەکی لەبارەی کار و چالاکییەکانی خۆی لە ماوەی ڕابردوو پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرد و ڕایگەیاند کە زۆر سوپاسگوزاریی ئەو هەماهەنگی و هاوکارییانەیە کە گەڵ هەرێمی کوردستان هەیانە و هەرکاتێک لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە هەست بەو هاوبەشییە جیدییە دەکەن کە لەسەر پرسەکان لەنێوان ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەرێمی کوردستاندا لە ئارادایە و وەک نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق زۆر بەو پەیوەندی و هاوبەشییە خۆشحاڵە.

لە دیدارەکەدا لەبارەی ڕەوشی ناوخۆی هەرێم و پرۆسەی سیاسی و ڕەوشی سەربازیی عێراق و ناوچەکە گفتوگۆ کرا و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دوای کرد سەرۆک بارزانی ڕێنوێنی و بەرچاوڕوونییان لەبارەی ئەو بابەتانە بداتێ.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، تەئکیدی کردەوە کە ئەوەی لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەسەر شێوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان روو دەدات بەشێکە لە پرۆسەی دیموکراسی و پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە ڕۆڵیان هەبێت و ئەگەر نەگەیشتنە چارەسەرێکی گونجاو ئەوا گەڕانەوە بۆ ڕای گەل وەک ڕێکارێکی دروستی دیموکراسی باشترین بژاردەیە. سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە ئەم کێشەیە کاریگەریی سلبی نەکردۆتە سەر سەنگەرەکانی بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریستان و سەرجەم هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان زۆر بە دڵسۆزی خەریکی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی خۆیانن.

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هیوای خواست کە ئەو کێشەیە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت، چونکە بە ڕەچاوکردنی ڕەوشی عێراق و ناوچەکە، درێژەکێشانی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی دروستبوونی تەنگژە و کاریگەریی خراپی دەبێت.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چاکسازی خرانە بەرباس و سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەو پرۆسەیە لەپێناو چەسپاندنی دەستوور و شەراکەتی ڕاستەقینە و بنبڕکردنی گەندەڵی بێت ئەوا هەرێمی کوردستان بە تەواوی پشتیوانی دەکات، بەڵام ئەگەر بۆ پشتگوێ خستنی دەستوور و پەراوێزخستنی لایەنەکان بەتایبەتی گەلی کوردستان بێت و ئامانجیان پیادەکردنی حوکمێکی تاکڕەوانە بێت ئەوا ڕەتی دەکەینەوە. سەرۆک بارزانی تەئکیدی کردەوە کە باشترین چارەسەر بۆ کێشەکانی عێراق شەراکەتی ڕاستەقینە و بەشدارییکردنی هەموو پێکهاتەکان و جێبەجێکردنی دەستوورە.

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان زۆر سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد و ڕایگەیاند کە وتەکانی بەڕێزیان دیمەنەکانی باشتر لەبەرچاویان ڕوون کردەوە و سەبارەت بەو پرۆسەیەی ئێستا سەرۆکوەزیرانی عێراق کاری بۆ دەکات، بەڕێز جان كۆبیس نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پشتگیریی خۆی بۆ هەڵوێستی سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند و تەئکیدی کردەوە کە دەبێ هەموو لایەنە عێراقییەکان بەرچاوڕوونییان هەبێت و ئامانجی ئەو پرۆسیە بە تەواوی بۆ هەموو لایەنەکان ڕوون بێت بۆ ئەوەی پشتگیریی سەرۆکوەزیرانی عێراق بکەن لە سەرخستنی پرۆسەکە.

باسکردنی ڕەوشی سیاسیی ناوچەکە بەگشتی، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
Top