مەسروور بارزانی: پێشمەرگە پێویستی بە تانكیش هەیە بۆ ئەوەی بەرەكانی جەنگ توندوتۆڵتر بكات
(مەسروور بارزانی) ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ (BBC)ـی بەریتانیا ڕایگەیاند، هێزی پێشمەرگەی كورستان پێویستی بە یارمەتیی سەربازیی زیاتر هەیە. ئەو هەروەها جەختی كردووەتەوە كە بڕینی بەشەبووجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە، كاریگەریی نەرێنی لەسەر شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش هەبووە.
(مەسروور بارزانی) دەڵێت: "ئێمە ئەو چەكانەی كە پێویستمانە، بە تایبەتی لە ڕوی چەكی قورسەوە، لە بەردەستماندا نییە و دواجار كە یارمەتیی سەربازی وڵاتانمان پێ گەییشتووە، مانگی ئایاری ئەمساڵ بووە".
سەرەڕای ئەوەی حكوومەتی ئەڵمانیا چەكی دژەتانكی میلانی بۆ هێزی پێشمەرگە دابین كردووە، بەڵام (مەسروور بارزانی) ئاشكرای دەكات، ئەم جۆرە چەكە هەرچەند زۆر كاریگەرە، بەڵام ژمارەیان كەم بووە و ناكرێت بەم ژمارە كەمە بەرەنگاری هێرشەكان ببنەوە. ئەو ئاماژە دەدات: "ئێمە هەوڵی هەموو ئەو وڵاتانە بەرز دەنرخێنین، كە بە چەك و تەقەمەنی یارمەتیی پێشمەرگەیان داوە، بەڵام با لە یادی نەكەین كە ئەم شەڕە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە بەردەوامە، ئێمە بەرەیەكی جەنگ بە درێژی زیاتر لە هەزار كیلۆمەترمان لەگەڵ داعش هەیە و پێویستمان بە چەكی زیاترە بۆ پاراستنی ئەم ناوچە بەرفراوانە".
ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییش باس لەوەیش دەكات كە، هێزی پێشمەرگە نەك هەر چەكی دژەتانك، بەڵكە پێویستی بە تانكیش هەیە بۆ ئەوەی بەرەكانی جەنگ توندوتۆڵتر بكات. سەبارەت بە چەكی كیمیایی كە تیرۆریستانی داعش لە دژی پێشمەرگە بەكاریان هێناوە، (مەسروور بارزانی) دەڵێت: "بە داخەوە لە كاتێكدا دەیان هەزار پێشمەرگە لە بەرەكانی جەنگن، تا ئێستا تەنیا هەزار دانە ماسكی خۆپاراستن لە بەرانبەر چەكی كیمیاویمان بۆ ڕەوانە كراوە".
(مەسروور بارزانی) جەختیشی كردەوە كە، چەكی زیاتر، گوللـەنەبڕ، تانك و ماسكی خۆپاراستن لە بەرانبەر چەكی كیمیاویدا، پێویستیی هەنووكەیین بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
