یەكگرتوو: "نابێ یەكێتی و گۆڕان پۆستەكانی هەڵەبجە دابەش بكەن "
ڕۆژی سێشەممە 1ـی ئاب لە بارەگای مەڵبەندی نۆی ڕێكخستنی شارەزووری یەكێتی كۆبونەوەی دووقۆڵی گۆڕان و یەكێتی پێوەست بە حكوومەتە خۆجێییەكەی هەڵەبجە بەڕێوە چوو, دواتریش ڕایانگەیاند بۆ ئەو پرسە سەردانی حزبەكانی تریش دەكەن.
لەم بارەیەوە (مەهدی مەحموود) بەرپرسی مەڵبەندی پێنجی هەڵەبجەی یەكگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاند: "هەروەك چۆن حكوومەتەكەمان بنكەفراوانە، پێویستە حكوومەتە خۆجێییەكەی پارێزگای هەڵەبجەش هەموو لایەنەكانی تێدا بەشدار بن و، كۆ ببنەوە و ڕێك بكەون، با مافی هیچ لایەنێك نەخورێت. ئێمە وەكو یەكگرتووی ئیسلامی بەشدارییەکی شكڵی ناكەین ئەگەر بە گوێرەی بوونی خۆمان یەكێتی و گۆڕان پۆستمان پێ نەدەن."
(زمناكۆ عەلی) یاریدەدەری بەرپرسی مەڵبەندی پێنجی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش ڕایگەیاند: "وەختی خۆی كۆمەڵێك كۆبوونەوە كراوە لەنێوان یەكێتی و گۆڕان و حزبە سیاسیەكانی پارێزگای هەڵەبجە و، لە كۆبوونەوەكاندا دوو ئەگەر خراوەتە ڕوو, یان ئەوەتا بسازێین و ڕێك بكەوین یان ڕێژەی دەنگەكانی هەڵبژاردن بكەین بە پێوەر بۆ دابەشكردنی پۆستەكان. بە تەوافق، ڕێك نەكەوتن، بۆیە ئیستا پەنا براوە بۆ ئەوەی ڕێژەی دەنگەكانی حزبەكان لەو پارێزگایە بكرێت بە پێوەر بۆ دابەشكردنی پۆستەكان؛ نابێ یەكێتی و گۆڕان، خۆیان دووانی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە دابەش بكەن، بەڵكو دەبێ بە هەموو لایەك دابنێشین و پۆستەكان دابەش بكەین و، نابێ كەس بەشی كەس دیاری بكات. "
