ڕاگەیێندراوێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

ڕاگەیێندراوێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
وێنەی تەرمی ئەو منداڵە كوردەی كۆبانێ كە لەنێو ئاودا خنكاوە ویژدانهەژێنە و سیمبۆلێكی دیكەی مەزلوومیەتی گەلی كوردە لە جیهان. ئاڵان و خانەوادەكەی كە ڕێگەی جێهێشتنی وڵاتی خۆیان و كۆچیان گرتەبەر نموونەی بەشخوراوی و ئەو زوڵمەن كە بە درێژایی مێژوو و لە قۆناغی جیاجیادا دەرهەق بە میللەتی كورد كراوە.

هەموو جیهان بەرپرسە لەوەی گەلی كوردستان بپارێزێن و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی كارەسات لە ژیانی ئینسانی كورددا بگرن. كاتی ئەوە هاتووە كۆتایی بە ئاوارەیی و تڕاژیدیا و نەهامەتییەكانی گەلی كورد بێت و لەسەر خاكی خۆیان بە ئاشتی و سەربەرزی بژیین.

لەگەڵ ئەوەی داوا لە ڕۆڵەكانی گەلی كوردستان دەكەین خاكی خۆیان جێنەهێڵن، داوایش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئازاد دەكەین یارمەتی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە بدەن كە ڕوویان لە ئەوروپا كردووە و بیریش لەوە بكرێتەوە كە سەرچاوەكانی ئەو زوڵم و جیاكارییە بنبەڕ بكرێت كە لەدژی گەلی كوردستان و هەموو گەلانی مەزلوومی جیهان دەكرێت.



سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

3ـی 9ـی 2015
Top